Azat Muhammet
03 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2017
دهۆک - AA
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ رایگەیاند "دواى سێ ساڵ لە کارەساتى شنگال، ئێستاش مەترسى گەورە هەیە لەسەر کوردانى ئێزدى لە سنوورەکە، چونکە هاووڵاتییانى ئێزدى لە ناوچەکە دابەشى سەر سێ بەرە بوون، یەکەمیان بەرەى پێشمەرگە کە زۆرینەیە، دووەمیان بەرەى پەکەکە و سێیەمیان بەرەى حەشدى شەعبیە. لە هەرکاتێک پێدادان لە نێوان ئەو سێ بەرەیە دروست بێت شنگال بێ خاوەن دەمێنێتەوە".
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لە لێدوانێکى سەبارەت بە سێیەمین ساڵێادى کارەساتى شنگال بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پێش سێ ساڵ داعش هێرشى کتوپڕ و بەرفراوانى کردە سەر شنگال، هەموو جیهان بێ دەنگ و کەڕ بوون بە بەر چاوى هەموو وڵاتان شنگال کەوتە دەست دڕەندەترین گرووپى تیرۆریستى، ئەو بێ هەڵوێستییەى وڵاتان نیگەران و بریندارى کردین، ئێستاش دەبینین جارێکى دیکە هەموو وڵاتان بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن لەبارەى ئاوەدانکردنەوەى شنگال لە دواى داعش، ئەمەیش جارێکى دیکە بریندارمان دەکاتەوە".
شەشۆ گوتیشى: "دواى تێپەڕبوونى سێ ساڵ بەسەر کارەساتى شنگال، ئێستا قەزاکە لەبەردەم مەترسییەکى دیکەى گەورەیەدایە، چونکە هاووڵاتییانى سنوورەکە دابەش بوون بە سەر سێ بەرەى سەرەکى ئەوانیش بەرەى پێشمەرگە کە زۆرینەیە و بەرەى پەکەکە کە کەمترە و بەرەى ملیشیاکانى حەشدى شەعبییە کە تا راددەیەک کەمترن، مەترسییەکى گەورە لەسەر پێکدادانى نێوان ئەو سێ بەرەیە هەیە، ئەگەر پێکدادان و ئاڵۆزى دروست بێت، ئەمجارە کوردانى ئێزدى دووچارى فیتنەیەکى زۆر گەورە دەبنەوە، چونکە چەکدارکراون، خوانەخواستە شەڕ دروست بێت لە نێوان ئێزدییەکان دروست دەبێت".
- "داعش لە دوو رۆژدا هەزار ٢٩٣ ئێزدى کوشت"
کە لوولەى تفەنگ، نوکى چەقۆ و شمشێرەکانى داعش گەیشتنە شنگال، بە بێ گوێدانە بنەماکانى مافى مرۆڤ و دەقە ئایینییەکان لە شارۆچکەکەدا، هەستا بە کوشتنى منداڵ، پیاو، ژن و پیر و پەککەوتە و زیاتر لە شەش هەزار کچ و ژنى بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆى لە عێراق و سووریا رفاند. لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرى گشتى کاروبارى کوردانى ئێزدى لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، خەیرى بۆزانى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "کە داعش هات دەستى لە هیچ تاوانێک نەپاراست و بە هۆیەوە زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کوردى ئێزیدى لە تەواوى سنوورى شارۆچکەى شنگال ئاوارەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و پەنابەرى وڵاتانى ناوچەکە بوون و ماوەى سێ ساڵە ٩٠ هەزار کوردى ئێزدى پەنابەرى وڵاتانى جیهانن بە هۆى ناسەقامگیرى سنوورەکەیان و هەبوونى کێشەى سەربازى بە نیاز نین بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان".
خەیری بۆزانى ئامارى بەشێک لە قوربانییان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "داعش لەگەڵ گەیشتنى بە شنگال دەستى بە کوشتارێکى گەورە کرد و شارەکەى خەڵتانى خوێن کرد، لە ماوەى ٤٨ کاتژمێردا زیاتر لە هەزار و ٢٩٣ کوردى ئێزدى کوشت تەنها بە هۆی جیاوازى ئایینى و نەتەوەیی، دواتر و تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت بەردەوام کوشتن و بڕین لە لایەن داعشەوە دەرهەق بە کوردى ئێزدى پەێڕەو دەکرێت".
- "ئاوارە ئێزدییەکان لە هەرێم بەسەر ٢١ کەمپ دابەشکراون".
بەڕێوەبەرى گشتى کاروبارى کوردانى ئێزدى لە وەزارەتى ئەوقافى حکوومەتى هەرێم ئاماژەى بەوەدا کە ئاوارە ئێزدییەکان دابەشى سەر ٢١ کەمپ کراون لە هەرێمى کوردستان، ١٧ کەمپ تەنها کوردى ئێزدى تیادا نیشتەجێ کراون، ٤ کەمپى دیکە کوردى ئیزدى، موسلمان و کریستیانەکان پێکەوەن بە تەبایی".
گوتیشى: "ژمارەیەک کەمپى دیکە هەن لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانن، بۆ نموونە کەمپى نەورۆز لە سووریا تایبەتە بە ئاوارە ئێزدییەکان و هەروەها چەند کەمپێکى دیکەیش لە تورکیا هەیە کە ئاوارەى ئێزدى تیادا دەژین و لەسەرەتاى پەلامارى داعش خۆیان گەیاندووەتەوە ئەو ناوچانە".
- "پەکەکە رێگە لە گەڕانەوەى ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەى شارۆچکەکە دەگرێت"
خەیرى بۆزانى رووى قسەکانى کردە چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى شارۆچکەى شنگال و گوتى: "پەکەکە بە بیانووى شەڕى داعش لە سووریاوە خۆى گەیاندە شنگال، بەڵام لە ئێستادا جگە لە سەر ئێشە بەربەست بۆ کار و پڕۆژەکانى حکوومەت هیچی دیکە نین، هەر بە هۆى بوونى چەکدارانى پەکەکە لە شنگال تا ئێستا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانیوە کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکە بکەن و بە هەمان شێوە ئاوارەکانیش تۆقیون لەوەى بگەڕێنەوە رووبەڕووى کێشەى سەربازى دیکە دەبنەوە".
ئەوەیشى گوت: "لە شنگال رێژەیەکى یەکجار کەم ئاوارە گەڕاونەتەوە، لە سنوورى شارەدێى باشیک لە دەشتى نەینەوا زیاتر لە ٧٠ خێزانى کوردى ئیزدى گەڕاونەتەوە سەر زێدى خۆیان، هەموو ئاوارەکان چاوەڕوانى ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانیان و تامەزرۆى گەڕانەوەن بۆ سەر زێدى خۆیان".
- "داعش هەزار و ٦٠٠ منداڵ و مێردمنداڵ ئێزدى بەزۆر کردووەتەوە موسوڵمان و چەکدارى کردوون".
بۆزانى ئاشکراى دەکات کە داعش بە زۆرى هەزار ٦٠٠ منداڵ و مێردمنداڵى کوردى ئێزدى کردووەتەوە موسوڵمان و راهێنان و مەشقى سەربازى پێکردوون لە ئێستا وەک چەکدارى داعش شەڕ بۆ رێکخراوە دەکەن لە عێراق و سووریا ئەرکى شەڕ کردنیان پێ سپێردراوە، بەشێکى زۆریشیان لەسەر خۆ تەقاندنەوە راهێنراون".
- " ٣ هەزار و ٩٢ ئافرەتى ئێزدى لە دەست داعش رزگار کراون، ٣ هەزار و ٣٢٥ کەسیش ماون"
ئەو بەڕێوەبەرەى کاروبارى کوردانى ئێزدى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دوایین ژمارەى رزگاربووانى ئاشکرا کرد و گوتى: "تا ئێستا بە هەوڵ و ماندووبوونى نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش بە تەنها زیاتر لە ٣ هەزار و ٩٢ ئافرەت رزگار کراون و لە هەمان کاتیشدا ٣ هەزار و ٣٢٥ کوردى ئێزدى کە کچ و ژنن زۆربەیان لەژێر زوڵم و ستەمى داعشدا ماون، نە حکوومەتى عێراق نە وڵاتانى هاوپەیمانێنى نێودەوڵەتى دژ بە داعش رۆڵیان نەبووە لە رزگارکردنى کوردانى ئێزدى لەژێر چنگى داعش".
ناوبراو دەڵێت "لەبەر ئەوەى داعش بە دڕەندەترین شێوە ئەشکەنجەى ئافرەتانى کوردى ئیزدى داوە لەماوەى ژێر دەستەبوون، بەشێکى زۆر لە رزگار کراوان پێویستییان بە چارەسەرى دەروونى و جەستەیی هەیە لە لایەن پزیشکانى پسپۆڕ و تایبەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ١٠٠ ئافرەتى ئێزیدى بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى نێردراونەتە وڵاتانى ئەورووپا".
- "٤٣ گۆڕى بە کۆمەڵ لە شنگال هەن، هەر گۆڕێک ٢٠ بۆ ٣٠ رووفاتى تێدایە"
بەڕێوەبەرى گشتى کاروبارى کوردانى ئێزدى لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، خەیرى بۆزانى سەبارەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکانى شنگال دەڵێت "تا ئێستا ٤٣ گۆڕى بە کۆمەڵ لە سنوورى شارۆچکەى شنگال دۆزراوەتەوە، کە بەڵگەن لەسەر بێویژدانى داعش و بەڵگەى یاسایین بۆ بە جینۆساید ناساندنى کارەساتى شنگال، هەر گۆڕێکى بە کۆمەڵ ٢٠ بۆ ٣٠ رووفاتى تێدا نێژراوە لە پاڵ گۆڕە بە کۆمەڵەکانیشدا لە شنگال گۆڕى تاک تاکیش هەیە".
کوردانى ئێزدى لە عێراق و هەرێمى کوردستان زیاتر لە ٧٠٠ هەزار و لە سەرتاسەرى جیهان نزیکەى یەک ملیۆن کەس دەبن، لە ٣ى ئابى ساڵى ٢٠١٤ لە بەرەبەیانێکى زوو داعش پەلامارى شنگالیدا و کوردانى ئێزدى لە شارەکە رووبەڕووى ١٧٤مین کۆمەڵکوژ و قڕکردن کردەوە، ماوەى دووساڵیش دەبێت لە لایەن پێشمەرگە ناوەندى شارۆچکەى شنگال کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و بەڵام تا ئێستاش زیاتر لە ٣ هەزار و ٢٢٥ کچ و ژن و هەزار ٦٠٠ منداڵ و مێرد منداڵ لەژێر زوڵمى داعشدان.
زیاتر لە ٩٠ لەسەدى کوردانى ئێزدى دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانى دەروەى ئیدارەى هەرێم بە تایبەتى دەشتى نەینەوا، ئێزدى خاوەنى شارۆچکەى شنگال و شارۆچکەى شێخانن، وەک شارەزایان و کەسایەتییەکانى کوردانى ئێزدى دەڵێن بە هۆى قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنى دووبارە تا ئێستا رێگە نەدراوە کوردانى ئێزدى ژمارەیان زۆر بێت.