Barış Seçkin
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2022
رۆما - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی وەزیرانی ئیتاڵیاوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، ماریۆ دراگی و ڤلادیمیر پوتین لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە قەیرانی ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ماریۆ دراگی لە میانی پەیوەندییەکەدا، لەژێر رۆشنایی ئەو ئەنجامە جیددییانەی کە لە قەیرانەکەوە سەرهەڵدەدات، جەختی لەسەر گرنگیی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کردووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها هێما بۆ ئەوەیش کراوە کە هەردوو سەرکردە، لەسەر پابەندبونێکی هاوبەش بۆ کارکردن لە پێناو چارەسەرێکی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ قەیرانەکە و درووستکردنی کەشێکی پڕمتمانە هاوڕابوون.