Tufan Aktaş
18 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2021
ئیستانبوڵ - AA
جێگری سەرۆکی تانزانیا، سامیا سولوهی حەسەن رایگەیاند کە سەرۆکی وڵایەکەتان، جۆن ماگوفولی کۆچی دوایی کردووە.
سامیا سولوهی حەسەن لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند ''سەرکردە بوێرەکەمان لەدەستدا''.
جێگری سەرۆکی تانزانیا باسی لەوە کرد کە جۆن ماگوفولی بەهۆی تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ لە شەشی ئادارەوە تا ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری دارولسەلام چارەسەری وەرگرتووە.
بەهۆی کۆچی دوایی جۆن ماگوفولی-ەوە، ١٤ رۆژ ماتەمەینی لە تانزانیا راگەیەندرا.
سەرۆکی کۆچکردوو ماگوفولی ٦١ ساڵ لە هەڵبژاردنەکەی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆکی وڵاتەکەی.
- دەنگۆی ئەوە بڵاوبووبووەوە کە جۆن ماگوفولی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بووە
دوێنێ ئۆپۆزسیۆنی تانزانیا بانگەشەی ئەوەی بڵاوکردبووەوە کە گوایە جۆن ماگوفولی کە نزیکەی دوو هەفتەیە دیار نییە، تووشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، داواشی کردبوو هەرچی زووە روونکردنەوە بدرێت لە رەوشی تەندروستیی ناوبراو.
جۆن ماگوفولی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بە نەخۆشییەکی سادە دەبینی رێکاری بەرامبەر نەگرتەبەر، دەنگۆی ئەوەی لەسەر بڵاوبووەوە کە لە ١٠ی ئاداردا لە کینیا چارەسەری بۆ ڤایرۆسەکە وەرگرتووە.
جۆن ماگوفولی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی هان دەدا چارەسەری هەڵم و خواردنی میوە دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەکاربهێنن و خۆیشی لە چالاکییەکاندا هیچ کات دەمامکی نەدەبەست.
لە تانزانیا، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتی دەوڵەت، جۆن کیجازی لە مانگی شوباتدا بە هۆکارێکی رانەگەیەندراو گیانی لەدەستدا، هەروەها جێگری سەرۆکی زنجیبار، سەیف شەریف حەمەد بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیانی لەدەستدابوو.