Kasım İleri
18 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
واشنتۆن- AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پڕایس دەربارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری هەدەپە، عومەر گەرگەرلیئۆغڵو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
نێد پرایس لە راگەیەندراوەکەدا نووسیویەتی "لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکانی تورکیا و هەنگاوە نیگەرانکەرەکانی وەک هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار عومەر گەرگەرلیئۆغڵو دەکەین".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، باسی لەوەشکردووە کە لە نزیکەوە چاودێری قۆناغی داخستنی هەدەپە دەکەن و ئەم هەنگاوەشی بە "ژێرپێخستنی ئیرادەی دەنگدەرانی تورکیا" و "یاریکردن بە بناغەکانی دیموکراسی لە تورکیا" وەسف کردووە.
نێد پرایس راشیگەیاندووە "داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکەین هاوتەریب لەگەڵ مافە دەستوورییەکان و بەرپرسیاریەتییە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا، رێز لە ئازادی رادەربڕینیش بگرێت".
دوابەدوای بڕیاری دادگا دەربارەی پەرلەمانتاری هەدەپە، عومەر گەرگەرلیئۆغڵو لە پەرلەمانی تورکیا بڕیاری سەرۆکایەتی کۆمار دەربارەی ئەو پەرلەمانتارە خوێندرایەوە.
دوای خوێندنەوەی بڕیارەکەش پارێزبەندی لەسەر گەرگەرلیئۆغڵو هەڵگیرا.
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە، بەتۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر" سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.