Zana Natık Kerem
22 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2017
بەیروت ــ AA
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەعد حەریری بڵاوی كردەوە كە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی لوبنان لە قوبرسی رومی گەیشتەوە بەیروت.
بە پێی بەیاننامەكە، سەعد حەریری دوای دیداری لەگەڵ سەرۆكی قوبرسی رومی، نیكۆس ئاناستاسیادس لەو وڵاتەوە گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی رەفیق حەریری.
لە بەیاننامەیەكدا هاتووە كە دوای گەیشتنەوەی بۆ بەیروت بەرلەوەی بچێتەوە ماڵەكەی، سەعد حەریری سەردانی گۆڕی باوكی، رەفیق حەریری كرد لە ناوەڕاستی لوبنان.
بڕیارە ئەمڕۆ سەعد حەریری بەشداری ئاهەنگی جەژنی سەربەخۆیی وڵاتەكەیدا بكات.
بەرلەوەی سەردانی قوبرسی رومی بكات، سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی لوبنان، سەعد حەریری سەردانی قاهیرەی كردبوو و لەگەڵ سەركۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی كۆبوویەوە.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سیسی، سەعد حەریری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە لەگەڵ سەرۆك سیسی بەدوور و درێژی باسیان لەوە كردبوو كە پێویستە ناوچەكە و بەتایبەتی لوبنان نەكەوێتە ژێر كاریگەری سیاسەتی هەرێمیی.
سەعد حەریری ئەوەشی راگەیاندبوو کە سوپاسی سەرۆك سیسی دەكات بۆ پاڵپشتیکردنی لە سەقامگیری لوبنان.
سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی لوبنان، سەعد حەریری ئاماژەی بەوەش كردبوو كە دەگەڕێتەوە بەیروت و لەوبارەیەوە رایگەیاندبوو "سبەی لەگەڵ لوبنانییەكان ئاهەنگ دەگێرین بە بۆنەی جەژنی سەربەخۆیی و باس لە هەڵوێستی سیاسی دەكەم. لە ئێستا باسی سیاسەت ناكەم".
رۆژی چواری ئەم مانگە لە گوتارێكی تەلەڤیزیۆنیدا کە لە سعوودیە پێشکەشی کردبوو، سەعد حەریری دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی لوبنان راگەیاندبوو و هۆكاری بڕیارەكەشی بۆ هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتن و سەپاندنی هەژموونی بەسەر لوبنان گەڕاندبووەوە.