Hemin Hüseyin
17 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2016
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەعدی پیرە: "گۆڕینی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ پارێزگاکان، هیچ کەسێک داوای نەکردووە و نامانەوێت ئەو تۆمەتانەمان بۆ دروست بکرێت، و ئێمە داوا دەکەین ئازادی بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە ناوخۆییەکان بۆ ئەوەی هەموو بە یەکسانی بتوانن پێداویستییەکانییان دابین بکەن".
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت کە کوردستانێکی یەکگرتوو بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکاری بکات و ئاماژە بەوەش دەکات کە هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی هەرێم.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو هەڵە تێگەیشتنێک هەبووە لەسەر سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراق و لەمبارەیەوە گوتی: "لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەڵە تێگەیشتنێک هەبوو لەسەر بابەتی بوودجە و پێویستە ئەوە راست بکەینەوە و ئێمە لەماوەی رابردوودا هەمیشە درووشمی فیدڕاڵیمان بەرزکردووەتەوە و باوەڕمان بەو سیستەمە هەیە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەردانێکی باش بووە و بەڵام دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ سەردانەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی دواخست کە بڕیاربوو سەردانی بەغدا بکەن و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دوای سەدانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، پەیوەندییەکان بەرەو باشی چوون و سەردانێکی سەرکەوتووبوو، بڕیاریش بوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن، بەڵام ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵی بەسەردا هات و سەردانەکە دواکەوت".
سەعدی پیرە رەخنە لەو کەسانەش دەگرێت کە پێناسەیەکی هەڵەیان بۆ هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە دەربارەی بابەتی سیستەمی فیدراڵی و لەوبارەیەوە گوتی: "من هەندێک رەخنە و گلەییم هەیە لەوانەی دەیانەوێت بۆچوونەکانی یەکێتیی نیشتمانیی بگۆڕن، چونکە ئێمە لەماوەی رابردووشدا باسی ئەوەمان کردووە کە بابەتی گێڕانەوەی عێراق بۆ یاسای پارێزگاکان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، باسی ئەوەمان کرد کە هەندێک شت هەیە دەستووری عێراق رێگا نادات بە تایبەت لە بڕگەی 2 لە ماددەی 13 کە دەڵێت "هەر وشەیەک ناکۆک بێت لەگەڵ دەستووری عێراق ئەوا بەتاڵ دەبێتەوە" و یاسای عێراق دەسەڵاتی باڵایە، جگە لەوەش دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین لە عێراق بە گشتی دوو جۆر پارێزگا هەیە، یەکێکیان ئەو پارێزگایەیە کە لە هەرێمێک پێکدێت وەکو هەرێمی کوردستان کە دەڵێت هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بڕیاردان و جێبەجێکردن و دادوەری هەیە و پارێزگاری نا رێکخراویش کە لە هەرێمێکدا کۆنەکراوەنەتەوە، هەروەک لە ماددەی 10ـی دەستووری عێراق باسی گۆڕانکاری یەکە کارگێڕییەکان دەکات و بۆیە نابێت تۆمەتێک بۆ ئێمە دروست بکەن و تەفسیر بۆ بۆچوونەکانی ئێمە بکەن بەبێ ویستی خۆمان".
دوای ئەوەی لەماوی رابردوودا قەیرانی دارایی رووی لە هەرێمی کوردستان کرد و بەم هۆیەوەش ناڕەزایەتیی لەلای تەواوی هاووڵاتییان لێکەوتووەتەوە و ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی ئەو قەیرانە، ئەوا پێویستە دەسەڵات بدرێتە پارێزگاکان بۆ ئەوەی لە داهاتی خۆیان چارەسەری بەشێک لە پێداویستییەکان بکەن.
سەعدی پیرە رەتی دەکاتەوە کە هیچ کەسێک داوای فیدڕاڵی بۆ پارێزگاکان کردبێت و لەوبارەیەوە گوتی: "دەربارەی گۆڕینی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ پارێزگاکان، هیچ کەسێک داوای نەکردووە و نامانەوێت ئەو تۆمەتانەمان بۆ دروست بکرێت و ئێمە داوا دەکەین ئازادی بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە ناوخۆییەکان بۆ ئەوەی هەموو بە یەکسانی بتوانن پێداویستییەکانییان دابین بکەن".
سەعدی پیرە گوتیشی: "ئەو بابەتە شتێکی ناوخۆییە و پێویستی بە گفتوگۆکردن نیە لەگەڵ بەغدا و پێویستە وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سنگێکی فراوانە مامەڵە لەگەڵ ئەوە بکەن و دەسەڵاتەکان بدرێن بە پارێزگاکان و پێویستە لەوەشیاندا مامەڵەی جیاواز لەگەڵ پارێزگای دهۆک و سلێمانیدا بکەن چونکە ئەوانە تۆزێک دوورە دەستن و پارێزگاری هەولێر هەموومان دەتوانین فریای بکەوین".