Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2017
سلێمانی-AA
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی شاندی گفتوگۆكانی ئەو حزبە، سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، چاوەڕوان دەكەن هەفتەی داهاتوو دەست بەگفتوگۆ و دانوستانەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنەوە بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم و چارەسەركردنی قەیرانەكان.
بەگوتەی بەرپرسەكەی یەكێتی لە كۆبونەوەی پێشوودا لەگەڵ شاندی دانوستانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەئەندامانی شاندەكەیان گوتووە كە دەتوانن كێشە و گرفتەكانی هەرێمی كوردستان لە هەشت ناونیشاندا كۆبكەنەوە و چارەسەریان بكەن "نەبوونی هاوسەنگی دەسەڵات، پرسی سەرۆكی هەرێم، پرسی سەرۆكی پەرلەمان، كورترین رێگا بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی و ئابووری، شەفافیەت لە بازاڕی نەوت، سیاسەت و پەیوەندییەكانی دەرەوە، ناردنی دەستەیەك بۆ بەغدا لە نوێنەری هەموو حزبەكان و ئیدارەدانی هەرێم".
سەعدی پیرە ئەوەشی گوت "سبەی وەك مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوەمان هەیە، لەم كۆبوونەوەیەدا رەشنووسی نەخشە رێگایەكمان هەیە و گفتوگۆی لەسەر دەكەین، بەئومێدی ئەوەی دوای ئەوە لە رۆژی شەممە و یەكشەممەی داهاتوو لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەند تەسدیقی بكەین، ئەوەش دەكاتە پڕۆژەی ئێمە بۆ كاری هاوبەش و گفتوگۆ و گەیشتن بەئەنجام، دواتر ئەو نەخشە رێگایە لە رۆژنامەكان بڵاو دەكەینەوە".
بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەی رەتكردەوە کە لەگەڵ پارتی باسیان لە شێوازی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردبێت و گوتی: "پارتی هیچ شتێكی وای لەگەڵ ئێمە باس نەكردووە".
ئەو باسی لەوەشكرد، گەڕی دووەمی كۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەنگاوەكانی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بەرەو پێشەوە دەبات، ئەوەش پێویستی بەمتمانە و ئیرادە و نیازپاكی هەیە.