Serdar Bıtmez
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2021
دۆحە - AA
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیر بانگهێشتی میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد-ی کرد سەردانی ریاز بکات.
دیوانی میری قەتەر بڵاویکردەوە، تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە کۆشکی بەحر لە دۆحە پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان کردووە کە بە سەردانێکی فەرمی لەو وڵاتەیە.
لە میانی دیدارەکەدا، فەیسەڵ بن فەرحان وێڕای گەیاندنی سڵاو رێز هاوکات نامەیەکی دەستنووسی شای وڵاتەکەی رادەستی تەمیم بن حەمەد کردووە.
لای خۆیەوە، میری قەتەر لە رێگەی وەزیری دەرەوەی سعوودیەوە سڵاوی بۆ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ناردووە و هیوای تەندروستیی باشی بۆ خواستووە.
لە ئەگەری ئەنجامدانی سەردانی میری قەتەر بۆ سعوودیە، دەبێتە یەکەم سەردانی سەردانی تەمیم بن حەمەد بۆ ریاز لەدوای لوتکەی عولا کە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو بە ئامادەبوونی میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد لە سعوودیە بەڕێوەچوو.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دۆحە پایتەختی قەتەر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دۆحە لەلایەن هاوتا قەتەرییەکەی، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سعوودیە لە دۆحە، عەلی بن سەعد قەحتانی پێشوازیی لێکرا.
جێی ئاماژەیە، رۆژی هەشتی ئاداری رابردوو، میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد نامەیەکی لە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز-هوه پێگەیشت کە لە رێگەی فەیسەڵ بن فەرحانەوە لە یەکەم سەردانییدا دوای ئاشتەوایی کەنداو گەیەندرایە میری قەتەر.
رۆژی پێنجی کانوونی دووەمی رابردوو لە میانی ٤١هەمین لووتکەی کەنداو کە لە سعوودیە بەرێوەچوو، کۆتایی بە پچڕانی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ قەتەر هێنرا کە لە حوزەیرانی ٢٠١٧دا هەریەک لە سعوودیە و بەحرێن و ئیمارات و میسر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دۆحە پچڕاندبوو.