Emre Aytekin
23 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2022
پەکین - AA
دوای بەڕێوەچوونی ٢٠مین کۆنگرەی نیشتمانیی پارتی کۆمۆنیستی چین کە دوێنێ کۆتایی هات، کۆمیتەی ناوەندیی کە باڵاترین دەستەی بەڕێوەبەبردنی پارتەکەیە، ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجام دا و شی جین پینگ-ی بە سکرتێری گشتیی هەڵبژاردرایەوە.
سەرۆکی چین کە لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٧دا، هەڵبژێردرا لە پاش دامەزرێنەری کۆماری میللی چین، ماو تسی تۆنگ بووە یەکەم سەرکردە کە زیاتر لە دوو جارە پۆستی سکرتێری گشتیی پارتی کۆمۆنیستی چین وەردەگرێتەوە.
لیژنەی ناوەندیی لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆیدا، مەكتەبی سیاسیی کە لە ٢٥ ئەندام پێکهاتووە و كۆمیتەی ناوەندیی سەربازیی کە لە ١٠ ئەندام پێکهاتووە و لیژنەی هەمیشەیی کە ئەویش حەوت ئەندامە لەگەڵ سكرتێری گشتیی هەڵبژارد.
لە دوای کۆبوونەوەکە، شی جین پینگ و هەریەک لە ئەندامانی دیکەی لیژنەی هەمیشەیی لی چیانگ، کائۆ لیجی، ڤانگ هونینگ، لی شی و کای شی و دینگ شویشیانگ کە تازە هەڵبژێردراون بە ریزبەندی پرۆتۆکۆلی راوەستان و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد.
لە کاتێکدا چوار کەسایەتی نوێ بۆ لیژنەی هەمیشەیی هەڵبژێردراون، تەواوی ئەندامەکانی دیکە کەسانی نزیک لە شی جین پینگ-ن.