Hemn Osman
26 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2015
واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما رایگەیاند كە پێویستە هێرشەكانی ئەلكترۆنی چین بۆسەر كۆمپانیاكان و هاووڵاتییانی ئەمریكا رابگیرێن و گوتی: " بەردەوام دەبین لەسەر خستنەگەڕی هەموو هەوڵ و تواناكانمان بۆ پاراستنی كۆمپانیا، هاووڵاتییان و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا".
ئۆباما، لە كۆشكی سپی، لەگەل سەرۆكی چین شی جین پینگ كۆبووەوە. دوای بەدوای كۆبوونەوەكە هەردوو سەركردە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز كرد.
سەرۆكی ئەمریكا، باسی لەوە كرد كە لە هەوڵێكی نوێدا بڕیاریانداوە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا یەك ملیۆن ئەمریكی فێری زمانی چینی بكەن.
سەرۆكی چین، ئاماژەی بەوە كرد كە وڵاتەكەی لە پێناو بەرژەوەندی و قازانجی بازرگانیدا دژ بەو جۆرە هێرشانەیە و گوتی: "ئەمریكا لە بواری ئەلكترۆنی و تۆڕی ئینتەرنیتدا بەهێزترینە، لە چین زیاد لە 600 ملیۆن بەكارهێنەری ئینتەرنێت هەیە، بەمەش بۆتە وڵاتێك كە زۆرترین بەكارهێنەری ئینتەرنێتی تێدایە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی هێرشەكنی ئەلكترۆنی، شی گوتی: "چین، بە توندی دژ بەو هێرشانە دەوەستێتەوە. بەرەنگاری دزینی نهێنی بازرگانی و هەموو جۆرە هێرشەكانی ئەلكترۆنی دەبینەوە. لەو بارەیەشەوە ئەمریكا نیگەرانی هەیە، دەتوانین لەرێگەی كەناڵەكانی نێوانمان تاوتوێی ئەو نیگەرانیانە بكەین. لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەو پەیوەندی و رێكخستنەی لەنێوان هێزەكانی ئەمنیدا هەیە لەو بارەیەوە. لە كۆتاییدا بەرژەوەندی زۆر فراوانمان هەیە لەبواری ئەلكترۆنی و تۆڕی ئینتەرنێتدا، بەڵام پێوستمان بە بەهێزكردنی هەماهەنگی نێوانمان هەیە. پێویستە ریگە بگرین لە كردنە ئامانجی یەكتری، نابێت بابەتەكە بە سیاسیی بكەین".