عەلی حەمەساڵح: یەکێک لە گرفتەکانی نوێنەرانی کورد و حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە ناچنە سەر ئەسڵی کێشەکە، تۆ پێش ئەوەی بچیتە سەر ئەوەی کێشەی کورد ١٢ لەسەد بێت یان ١٧ لەسەد بێت یان خەرجی سیادی زۆرە و ئیستیحقاقی ئێمە چەندە؟ دەبێت سەرەتا رێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و قەرزەکانی سەر ھەرێم بکرێت، ئەگەر رێککەوتن لەسەر ئەو خاڵانە نەکرێت خاڵەکانی دیکە ھیچ بەھایەکیان نییە، ئەگەر بوودجەی ھەرێمی کوردستان رێژەی ٢٠ لەسەدیش بێت تۆ رێککەوتن لەسەر ئەوە نەکەیت نەوتی ھەرێمی کوردستان و داھاتە ناوخۆییەکان تەسلیم بکرێتەوە، چارەنووسی قەرزەکانی ھەرێمی کوردستان چی بەسەر دێت؟ ئەوا ئەوەی دیکە ھیچ بەھایەکی نییە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا نە نوێنەرانی کورد، نە حکوومەتی ھەرێم، نە حکوومەتی عێراق خۆیان لەم پرسە نەداوە، تەنھا لە یەک مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراودا، ٢٠ ملیۆن دۆلاریان دەست دەکەوێت، ئەگەر نەوتەکە بدرێت بە بەغدا ئەمە دەبڕدرێت، من پێم وایە ھەرێمی کوردستانیش نیازی رێککەوتنی لەگەڵ عێراقدا نییە، چونکە ئەمان زۆر سوودمەند دەبن خۆیان سەربەخۆ نەوت بفرۆشن، چونکە لە دوو سێ لاوە بە شێوەیەکی ناشەرعی لە داھاتی نەوت سوودمەندن، من یەک نموونە دەھێنمەوە تەنھا لە یەک ئاڵوگۆڕی دراودا لە بانقی کوردستان کە لەسەر سەرۆکی حکوومەت حسابە ئەو بانقە بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت، ئەمە شتێکی زۆر بچووکە، ئەگەر نەوتەکە تەسلیمی بەغدا بکرێت ئەمە دەبڕدرێت، یەکێتی و پارتی یەک دونیا کۆمپانیای سیکیوریتی و خزمەتگوزارییان دروست کردووە و پارەیەکی زۆر خەیاڵی بە گەندەڵی بۆیان خەرج دەکرێت و بەگەندەڵیش، ھەر بەرپرسێک کۆمپانیایەکی سیکیوریتییان بۆ دروستکردووە گوایە سیکیوریتی کێڵگەکانی نەوت دەپارێزێت، لەکاتێکدا دوو لیوای پاراستنی نەوت و غاز ھەیە، بەس بۆ ئەوەی پارەیان بدرێتێ، کۆمپانیای خزمەتگوزارییان دروستکردووە ئەگەر شەقام یان بینایەک بە ١٠ ھەزار دۆلار بکرێت ئەوا چوار و پێنج ئەوەندە زیاتر لەسەر حسابمان حسابی دەکەن، بۆیە حکوومەتی عێراق ئامادەیە بەمەوە پابەند بێت، یەکێتی و پارتیش ھیچ لایان گرنگ نییە خەڵک مووچەی ھەیە یان نا گرنگ ئەوەیە ئەو پارەیان لە گەندەڵی نەوتدا دەست دەکەوێت بەردەوام بێت.
- "حکوومەتی ھەرێم ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە، عێراقیش ئامادە نییە قەرزەکانی بۆ بداتەوە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: قەرزەکانی سەر حکوومەتی ھەرێم چەند دەبێت؟
عەلی حەمەساڵح: ھەرچەندە ئێمە دەیان جار بەفەرمی داوامان کردووە بزانیین ئەو قەرزانە چەند دەبن، ئامادەنیین ئەمە رابگەیەنن، ئەم قەرزانە قەرزن ناکرێت بڵێن قەرزار نیین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە نازانرێت ئەو پارانە چییان لێھاتووە و بۆ کێ وەرگیراوە؟ بۆ نموونە قەرزی تورکیامان ھەیە، قەرزی کۆمپانیاکانی نەوتمان ھەیە، ئەمانە نزیکەی حەوت تا ھەشت ملیار دۆلار دەبن، تەنھا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا بڕی یەک ملیار و ٢٥٢ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە لە بری فرۆشتنی نەوت بە پارەی پێشوەخت، ئەمە زیاد دەکات ئەو بڕە پارەیە، ئەو قەرزانە سووشیان زۆرە، ئێمە وەکو عێراق دەوڵەت نیین بڵێین دەبێت لەماوەی درێژخایەن بیدەینەوە و سووەکەشی کەمە، ئەو قەرزانەی ئێمە کورت خایەنە دەبێت لەماوەیەکی کەمدا بدرێنەوە و سووەکانیشیان زۆرە، ئەوە جگە لەوەی ١٠ ملیار دۆلاری بانکەکانییان پێشتر دەستکاری کردبوو، نزیکەی سێ ملیار دۆلاری کۆمپانیاکانی ناوخۆیی نەوت قەرزارن، نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری فەرمانبەران قەرزارن، نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بەڵێندەران قەرزارن، بۆیە ئەگەر ھەمووی کۆبکەیتەوە قەرزەکانی سەر حکوومەتی ھەرێم دەگاتە ٢٧ ملیار دۆلار.
کێشەکە ئەوەیە لە چوار ساڵی رابردوودا حکوومەتی ھەرێم ٢٤ ملیار دۆلاری داوە بە مووچەی فەرمانبەران، چی لۆجیکێک رێگەت پێدەدات ٢٧ ملیار دۆلار قەرزار بیت؟ ئەمە نیشانەی ئەوەیە یەکەم: کەس نازانێت ئەو پارەیە چی لێ ھاتووە، ھەروەھا دووەم: شکستی سیاسەتی نەوتییە، سێیەم: ئەو گەندەڵییە زۆرەیە کە لە سێکتەری نەوت و داراییدا ھەیە کە پێموایە لە ئەنجامدا داڕووخانی حکوومەتی ھەرێمی بەدوادا دێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند ناگەنە رێککەوتن؟ ھۆکار ئەو قەرزانەی سەر حکوومەتی ھەرێمە؟ یان دۆسیەی نەوت و گرێبەستەکانی نەوتیی حکوومەتی ھەرێمە؟
عەلی حەمەساڵح: نەوت و قەرز دوو بابەتی لەیەک گرێدراون، قەرزەکان یەکێکن لە ھۆکارە سەرەکییەکان و حکوومەتی عێراق ئامادە نییە بیانداتەوە، ئێمە چەند جارێک گوتوومانە با دیوانی چاودێریی عێراق بێت و لەگەڵ ھەرێمدا ھەماھەنگی بکات و وردبینی بکرێت بزانن ھەرێمی کوردستان بە پێی یاسا بۆی ھەیە ئەو قەرزانە بکات یان بۆی نییە، ئایا ئەو قەرزانە بۆ خەڵک خەرجکراوە یان بۆ باخەڵی خەڵک کراوە، ھەموو ئەوانە دەبێت وردبینی بکرێت ئینجا بڕیاریان لەبارەیەوە بدرێت، ئەگەر بۆ دوو سێ کەس بوو بێت پارەکە ناکرێت بە ھۆی دوو سێ کەسەوە ھەموو ھەرێمی کوردستان قەرزار بێت، ئەگەر بڕیارە ھەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە عێراق پێویستە مامۆستایەک، کارمەندێک نەبنە قوربانیی سیاسەتی شکستخواردووی یەک دوو کەس لە رێگەی یاساوە ئەو رێوشوێنانە بکرێت نەوەک سزای بە کۆمەڵ بدرێت.
- "عێراق بەرھەمی نەوتی کەرکووک دەگەیەنێتە سەرووی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا"
ئاژانسی ئانادۆڵو: حکوومەتی عێراق بەنیازە وەبەرھێنان لە نەوتی کەرکووکدا بکات، زانیاریی نوێ لەوبارەیەوە چین؟
عەلی حەمە ساڵح: نەوتی کەرکووک لە ئێستادا بەمشێوەیەی خوارەوەیە، رۆژانە بەشێکی نەوتەکەی بۆ پاڵاوگەی کەرکووک دەبرێت کە ٤٠ بۆ ٥٠ ھەزار بەرمیل دەبێت، نزیکەی ٥٥ ھەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی کۆمپانیای کار دەبرێت و دەپاڵێورێت، نزیکەی ٢٠ ھەزار بەرمیلیشی لە پاڵاوگەی بازیان دەپاڵێورێت، ئەوی دیکەی راگیراوە و بەشێکی پەیوەندیی بە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و عێراق ھەیە، حکوومەتی عێراق دەڵێت ھەرێم رێگریی دەکات لە رێگەی بۆڕییەکانی ھەرێمەوە ھەناردە بکرێت، بێگومان ھەرێمیش پاساوی خۆی ھەیە.
ئێستا حکوومەتی ناوەندیی لە ئاماژەیەکی رووندا کە ئیدی نەوتی کەرکووک لە دەستی ھەرێمی کوردستان دەردەچێت بەنیازە لە چوارچێوەی وەزارەتی نەوتی عێراق و جۆری ئەو گرێبەستانەی عێراق پەیڕەوی دەکات کە گرێبەستی خزمەتگوزارییە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی کەرکووک بگەیەنرێتە سەرووی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و دیارە بریتیش پترۆلیۆم پشکی سەرەکی لەم مەسەلەیەدا ھەیە و ھەر لەزووەوە خەونی ئەمەی ھەبووە، ھەر رۆژێک دوای کەوتنی کەرکووک لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەو کۆمپانیایە رایگەیاند، ئامادەیە وەبەرھێنان لە نەوتی کەرکووکدا بکات و ئەنجامەکەشی وای لێ بەسەر دێت بەشێکی زۆری نەوتی کەرکووک ئەگەر لە رێگەی ھەرێمی کوردستانیش رێککەوتن نەکرێت لە رێگەی بۆڕییە کۆنەکەی نەوتی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیھان ھەناردە دەکرێت، بەشێکی دیکەی بۆ پاڵاوگە نێوخۆییەکانی ھەرێم دەپاڵێورێت و بەشێکشی دەبرێت بۆ ئێران.
- "لە رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر و دواتر رێژەی ٥٥ لەسەدی نەوتی بەرھەماتوومان لەدەستدا"
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگوترێت ھەرێمی کوردستان ٥١ لەسەدی ئەو خاکەی لەژێر دەستییدا بوو لەکیس چوو، ئەی لە رووی نەوت و یەدەگی نەوتییەوە چی زەرەری کرد؟
عەلی حەمەساڵح: ھەرێمی کوردستان دووچاری گرفتێکی زۆر گەورە بوو، لەبەر ئەوەی یەکەم ئەو کێڵگانەی ئێمە لەدەستمان دا لە باشترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بوون بە بەراورد لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، لەڕووی یەدەگیشەوە زۆرترین یەدەگی نەوت لەو ناوچانە بوون، لەڕووی نەوتیشەوە لە باشترین جۆری نەوت لەو ناوچانەدا بوون.
یەک نموونەت بۆ باس بکەم، نەوتی کەرکووک بەتایبەت ئاڤانا و بای حەسەن بە بەراورد بە نەوتی شێخان نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ دۆلار جیاوازیی ھەیە، چونکە نەوتی شێخان نەوتێکی قورسە و باش نییە، نەوتی کەرکووک باشتر بوو، یەک دەماری نەوت ھەیە زۆر زۆر گرنگ بوو وەبەرھێنانی تیادا بکرابا، ئەگەر ھەرێمی کوردستان سیاسەتێکی حەکیمانەی ھەبایە دۆخێکی زۆر باش دروست دەبوو، ئەو دەمارە لە کێڵگەکانی خورمەڵەوە درێژ دەبێتەوە بۆ کێڵگەکانی ئاڤانا و بای حەسەن و دواتر بۆ کێڵگەکانی کەرکووک، ئەمە گەورەترین عەمباری نەوتە، بۆ غازیش وایە، بەڵام بەداخەوە وای لێ ھات، ئێستا تەنھا خورمەڵە ماوە، ئەویش لەژێر مەترسیدایە.
ئەو ژمارەی لەبارەی یەدەگی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە باس دەکرا یەدەگێکی سەلمێنراو نییە، ھەمووشی ئەو ژمارانەی لەسەر یەدەگ وترا راست نەبوو، لەسەر بەرھەمھێنانیش، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ گوتی، ٢٠١٩ دەگەینە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بە بێ نەوتی کەرکووک، ئێستا بە بێ نەوتی کەرکووک ٢٦٠ ھەزار بەرمیلە، بۆ یەدەگیش ھەروەھا ورد نەبوون ئەو ژمارانەی باس دەکران.
دەتوانیین بڵێین نزیکەی لەسەدا ٥٥ی بەرھەمی نەوت لەدەستدراوە، ئەگەر خورمەڵەش لەدەست بدرێت کە زۆر مەترسیدارە، ھیوادارم شتی وا روونەدات ئەوا ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٧٥ لەسەدی بەرھەمی نەوتی لەدەستدەدات.
لەبارەی یەدەگی سەلمێنراو ژمارەیەک نییە، ئەو یەدەگەش ھی سامانە سروشتییەکان خۆی بووە، بۆ نموونە ناوەندێکی نێودەوڵەتی باسی ئەو یەدەگەی نەکردووە و بێت بەروارودی بکات لە ئاستی یەدەگی جیھانی. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان باسی لەوە دەکرد لە ساڵی ٢٠١٧ نەوتی تەق تەق دەگاتە نزیکەی ١٦٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئێستا نەوتی تەق تەق رۆژانە ١٥ ھەزار بەرمیل دەبێت، بۆیە ئەممان یەک ئامانجییان ھەبوو ئەویش ئەوە بوو شتی گەورە نیشان بدەن بۆ ئەوەی ئابووریی سەربەخۆ بکەن و دواتر دەستییان بکرێتەوە بۆ گەندەڵی تیا بکەن نەوەک ورد بن.
- "نەوتی تەق تەق فێڵی تیادا کرا و رۆژ بە رۆژ بەرھەمی کەم دەبێتەوە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: نەوتی تەق تەق مەترسی لەسەرە نەمێنێت؟ ئەم مەترسییە لەسەر کێڵگەی دیکەی نەوتی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە؟
عەلی حەمەساڵح: لە ئێستادا بەڵێ نەوتی تەق تەق مەترسی لەسەرە، لەبەر ئەوەی ئەو کێڵگانە وەکو پێویست وەبەرھێنانی تیادا ناکرێت، وا ھەست دەکەم ھەندێکیشی بە ھۆکاری سیاسییە، باوەڕدەکەم لە یەک دوو ساڵی ئایندە نەوتی کەرکووک وشک دەبێت، چونکە گەیشتووە بە ئاو، بە خوێندنەوەی ئەو ھاوکێشەیەی ساڵ بە ساڵ و رۆژ بە رۆژ ئەو نەوتە بە ئەندازەیەکی مەترسیدار کەم دەبێتەوە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە گەشە بەو کێڵگانە نەدرا و بیری نوێ ھەڵنەکەنرا و وەبەرھێنانی تیادا نەکرا، بۆچی ئەوانە لە شوێنی تر کران؟ ھەروەھا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەرەتاوە فشارێکی زۆری خستە سەر ئەو کێڵگەیە ئەوەش وایکرد نەوتی تەق تەق کەم ببێتەوە.
ئەوەی کێڵگەی تەق تەق من زانیومە فێڵێکی گەورە بووە لە بازاڕی پشکی جیھانی کرا، ماوەیەک فشاریان کرد بەرھەم زیادی کرد کە ئەمەش بوو پشکی کۆمپانیایەکە زۆر زیادی کرد، ئەوەی پشکی کڕی دواتر تووشی زیانی یەکجار زۆر بووە.
- "دەبوو ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان لە غازدا بکات"
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینیت بۆ ئایندەی نەوتی ھەرێمی کوردستان چییە؟ نەوتی کوردستان دەکەوێتە دەستی رووسەکان یان ئەمریکییەکان، بەتایبەت ئێستا رکابەرایەتی دەبینرێت؟
عەلی حەمەساڵح: پێموانییە ھاوکێشەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھاوکێشەیەکی ئەوەندە گەورە بێت رووسیا و ئەمریکا شەڕی لەسەر بکەن، ئەمریکا عێراقی بەلاوە گرنگترە، چوار وڵات بەلای ئەمریکاوە زۆر گرنگە کە پێی وایە ئاسایشی ئەمریکا، ئابووری ئەمریکا، ئیدارەی ئەمریکا بەستراوە بەم چوار وڵاتەوە کە رێژەی ٤١ لەسەدی یەدەگی نەوتی ھەموو جیھانییان لە لایە، سعودیە، کوێت، عێراق و ئیمارات. ئەمریکا ھەموو قوربانییەک دەدات بۆ ئەوەی ئەو چوار وڵاتە زیانیان پێ نەگات، چونکە ئەگەر ھەر زەرەرێک بەم چوار وڵاتە بگات ئەوا ئاستی بەرھەمێنانی نەوت لە جیھاندا کەم دەبێتەوە کە ئەوەش روویدا نرخی نەوت زۆر زیاد دەکات، ئەمریکا ئێستا گەورەترین بەکاربەری نەوتە، رۆژانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەبات و لەو ژمارەیە ١١ ملیۆن بەرمیلی لە دەرەوە دەھێنێت، بەمە ئەوا ئابووریی ئەمریکا تووشی داڕووخانی گەورە دەبێت، لەبەرامبەردا رکابەرەکانی کە بەرھەمھێنەری نەوتن بەتایبەت رووسیا و ئێران قازانجێکی ماددی گەورە دەکەن، بۆیە من پێموایە ستراتیجییەتی ئەمریکا عێراقە لەبەر نەوت، کوێتە لەبەر نەوت، سعوودیەیە لەبەر نەوت، وڵاتانی کەنداوە لەبەر نەوت، بۆیە پێموانییە ھەرگیز ئەمریکا چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی عێراق بگۆڕێتەوە بە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان.
بەڵام یەک ھاوکێشەی دیکەی جیاواز ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەویش بۆ غازی ھەرێمی کوردستانە، ئەگەر غازی ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنانێکی باشی تیادا بکرێت بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو ئەوا دەتوانێت پێداویستییەکانی تورکیا دابین بکات، لە ئایندەدا دواتر پێداویستییەکانی ئەورووپا دابین بکات، لەکاتێکدا دەزانین کارتی غاز بۆ تورکیا و ئەورووپا کارتێکی بەھێزە لەدەستی رووسیا، بەڵام پێموایە قورسە ئێران و رووسیا رێگە بەوە بدەن ئەو کارتە گەورەیە لە دەستی ئەمریکا بێت یان لەبەرامبەردا کارتی دەستی رووسیا بسووتێت، بۆیە ھەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی گرنگیی زۆر بە گێڵکە نەوتییەکانی بدات کە یەکەم کێڵگەکانی بچووکن، خەرجیی دەرھێنان زۆرن، گرێبەستەکان خراپن، بەشێکی کێڵگەکان کێشەی جۆری نەوتییان ھەیە، دەبوو ستراتیجییەتی ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بێت لە غازی سروشتییدا، بەو پێیەی لەسەر ئاستی جیھان داخوازییەکی زۆری لەسەرە، تورکیا خواستێکی زۆری لەسەر ھەیە، ئەوروپاش پێویستی پێیەتی.
ئاژانسی ئانادۆڵو: سیاسەتی نەوتیی ھەرێمی کوردستان چۆن ھەڵدەسەنگێنیت، لە پاش ١٤ ساڵ لە دەرھێنانی نەوت؟
عەلی حەمەساڵح: ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامدا دەکەین، ئەنجامی ئەو سیاسەتە چی روویدا؟، کۆمەڵێک سیاسی بوون بە عەڕابی نەوت و بە شێوەیەکی ناشەرعی زۆر زۆر دەوڵەمەند بوون، خەڵک تووشی بێ مووچەیی و نەھامەتی بوو، جۆری گرێبەستەکان خراپ بوون و لە ئەنجامدا ئەم قەیرانە داراییە روویدا و بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی لەگەڵ عێراق ھەمانە لە بێ مووچەیی و شتی تر بە ھۆی سیاسەتی شکستخواردووی نەوتەوەیە، قەرزەکانیش لەسەر بنچینەی ئەوە کراوە، بە نموونە نەوتی کەرکووک ئێستا لە ژێر دەستی ھەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام حکوومەت ھەرێم تا چەند ساڵی ئایندەش ئەو نەوتەی بە فرۆشتنی پێشوەخت فرۆشتووە.
news_share_descriptionsubscription_contact

