Hemn Baban
26 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2016
عه‌ممار حه‌كیم گوڵی پێشكه‌شی برینداره‌كانی شه‌ڕی دژبه داعشی كرد و گوتی: "ئه‌وان گوڵن بۆیه گوڵم بۆیان هێناوە".
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی له عێراق، عه‌ممار حه‌كیم سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوای له شاری هه‌ولێر كرد و له نزیكه‌وه له ره‌وشی ته‌ندروستیی برینداره‌كانی شه‌ڕی داعشی له پێشمه‌رگه و سوپای عێراق پرسی.
حه‌كیم له دوای گه‌یشتنی بۆ نه‌خۆشخانه له‌لایه‌ن وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دکتۆر رێككه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر، دکتۆر سامان به‌رزنجی-یه‌وه پێشوازی كرا و دواتر چوونه ژووری چاودێری چڕ و برینداره‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقی به‌سه‌ر كرده‌وه.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی له عێراق له دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ لای برینداره‌كان و پێشکەش کردنی گوڵ پێیان بۆ راگه‌یاندنه‌كان گوتی: "ئه‌مڕۆ ویستمان له نزیكه‌وه ئاگاداری ره‌وشی ته‌ندروستی برینداره‌كانی شه‌ڕی داعش بین، ده‌مانه‌وێت ئه‌وه بڵێن كه هیمه‌ت و سه‌رفرازی و گه‌وره‌ییه‌كی زۆر له‌ناو برینداره‌كان هه‌یه و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له پاش وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی داعش".
گوتیشی: "ئه‌وه‌ی لێره بینیمان له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن له شاری هه‌ولێر ئه‌وه‌یه كه لێره وه‌كو چۆن له به‌ره‌كانی جه‌نگدا هێزه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه پێكه‌وه له‌دژی داعش ده‌جه‌نگن، لێره‌ش له یه‌ك ژوور چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرن كه ئه‌مه مانایه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كگرتوویی پێكهاته‌كان چی كورد یان عه‌ره‌ب یان توركمان یان ئه‌وانی تر بن، ئه‌مه دڵخۆشی كردین".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له گرنگیی سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق و هێزه ئه‌منییه‌كانی كرد له به‌رامبه‌ر داعش و گوتی: "شكستی داعش نزیكه و نه‌ینه‌وا وا به‌ره‌و لای تۆ دێن".