Muhammet Ali Kemal
13 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2016
بەیرووت - AA
یەکێک لە فەرماندە ناسراوەکانی حزبوڵڵای لوبنان بەناوی موستەفا بەدرەدین لە ئەنجامی هێرشێکدا کە بانگەشە دەکرێت ئیسرائیل ئەنجامیدابێت، لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق کوژرا.
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن حزبوڵڵاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لەئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە ناوەندەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، موستەفا بەدرەدین گیانی لەدەستداوە.
هەر لە روونکردنەوەکەدا باس لەوەکراوە لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی روودانی تەقینەوەکە بەردەوامە بەڵام سەبارەت بە کاتی رووداوەکە هیچ زانیارییەک نەخراوەتە روو.
لە میدیای لۆکاڵیی لوبناندا وا بڵاوکرابووەوە، رۆژی ١٠ی ئایار کاروانێکی سەر بە حزبوڵڵا لەسەر رێگەی نێوان دیمەشق- بەیرووت لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج بەڵام هەواڵەکان لەلایەن ریخراوەکەوە بەدرۆ خرابوونەوە.
لەلایەن ئیسرائیلیشەوە هیچ روونکردنەوەیەک سەبارەت بە بابەتەکە بڵاونەکرایەوە.
- موستەفا بەدرەدین کێیە؟
موستەفا بەدرەدین تەمەنی ٥٥ ساڵە و لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئیسرائیلدایە، یەکێک بوو لەو پێنج ئەندامەی حزبوڵڵا کە داواکراوبوو لەلایەن دادگای تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان رەفیق حەریری لەتەقینەوەیەکدا لە ساڵی ٢٠٠٥دا، پێکهێنرابوو.
دوای ئەوەی عیماد موغنیەی زاوای بەدرەدین، لە ساڵی ٢٠٠٨دا کوژرا، بانگەشەی ئەوە دەکرێت موستەفا بووبێتە لێپرسراوی باڵی سەربازیی حزبوڵڵا و هاوکات یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی رێکخراوەکە.
بەدرەدین بەهۆی بەشداریکردنی لەئەنجامدانی تەقینەوەیەکدا لە کوەیت لە ساڵی ١٩٨٣دا، سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە بۆ دەرکرابوو. بەڵام دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سووپای عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی عێراق سەدام حوسەین، توانیبووی لە گرتووخانە هەڵبێت.