Sarmand Hameed
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، پێشوازیی لە گەورە ئابووریناسی جیھانی و کۆماری چیک، تۆماش سێدلاچێک کرد کە بۆ راوێژی ئابووری و ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و چالاکی ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان.
بەگویڕەی ھەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی ئەم ئابووریناسە کە خاوەنی چەند خەڵاتی نێودەوڵەتییە لەسەر بانگهێشتی جێگری سەرۆكوەزیران و بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چیک بووە و ئامانجی سەردانەکەشی پێشکەشکردنی راوێژە بە ھەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنییەتی فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات و پەرەپێدانی ئابووری و دوورکەوتنەوەیە لە پشتبەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی بوودجە.
لە کۆبوونەوکەدا، قوباد تاڵەبانی دۆخی ئابووری ھەرێم و پلان و ئامانجەکانی حکوومەتی ھەرێمی بۆ پێشخستنی ئابووری و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھاتی بۆ تۆماش سێدلاچێک روونکردووەتەوە و بە گرنگییەوە باسی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کۆماری چیکی کردووە کە لەڕووی بووژانەوە و پەرەپێدانی ئابوورییەوە نموونەیەکی سەرکەوتووی پێشکەش کردووە.
لەلای خۆیەوە تۆماش سێدلاچێک ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەخشینی بەرچاوڕوونی بە حکوومەتی ھەرێم بۆ چۆنییەتی گواستنەوەی ئەزموونی کۆماری چیک و وڵاتانی ھاوشێوە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە رزگاری بێت.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم سەردانەی سێدلاچێک لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستاندایە بۆ چۆنییەتی گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو کە ھەر لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ چەندین وڵات لە ھەوڵدایە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی ئەم وڵاتانە لەڕووی کشتوکاڵ و حکوومەتی ئەلیکترۆنی و چەندین بواری دیکەی حکومڕانییەوە.