Muhammet Ali Kemal,Hemın Othman Mohammed
02 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2016
لەهەردوو بەری سنووری نێوان مەقەدۆنیا-یۆنان قەیرانی پەنابەران درێژەی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا هەردوو وڵات ژمارەی هێزە ئەمنییەكانییان لەسەر سنوور زیاد كردووە و یۆنان مەرجەكانی مانەوەی لە كەمپەكەی شاری ئیدۆمینی قورس كردووە و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەك پەنابەر روویان لە كەمپەكانی دیكە كردووە.
لەدیوی مەقەدۆنیا بەمەبەستی هاوكاریكردنی پۆلیسی ئەو وڵاتە لە رووبەڕووبوونەوەی لێشاوی پەنابەراندا، هێزە ئەمنییە بیانییەكان رەوانەی ناوچەكە كراون، ئاسایشی تەلبەندەكان لەسەر سنوور دەپارێزن و لەدیوی یۆنانیش هێزەكانی پۆلیس لەو بەربەستانەدا كە لە دووری ١٢٠ مەتر لە تەلبەندەكان دایانمەزراندوون، رێگە نادەن پەنابەران لە خاڵی تێپەڕین نزیكببنەوە.
یەكێك لەكارمەندانی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری گێڤگیڵیای مەقەدۆنیا بەناوی حەیدەر فەهد، لە روونكردنەوەیەكدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە كرد كە بەیانی دوێنێ ٤٩٥ پەنابەر لە شارەكەوە بە شەمەندەفەر بۆسەر سنووری سربیا گواستراونەتەوە و لەو كاتەشەوە تا ئێستا تەنها ٢٨ پەنابەر داخڵی ئەو كەمپە بوون كە لە شارەكەدایە.
ئەو كارمەندەی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران رایگەیاند ١١٧ عێراقی لە دەرەوەی كەمپەكەن و ماوەی چوار رۆژە لە شارەكەن، ئەوانیش لای خۆیانەوە لەگەڵ پۆلیسدا كەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی لە كەمپەكەدا وەریان بگرن.
فەهد، باسی لەوەش كرد كە 28 كەس كە سێیانیان منداڵن و بە نایاسایی پەڕیونەتەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كراون، هەروەها بەهۆی بوونی كێشە لە تۆماری بەڵگەكانیاندا نزیكەی 120 پەنابەری پاكستانی، عێراقی و مەغریبی لە سربیا و مەقەدۆنیان.
یەكێك لە پەنابەرە عێراقیەكان بەناوی ئەنوەر موراد كە لەدەرەوەی كەمپی گێڤگیڵیا لە چاوەڕوانیدایە، ئاماژەی بەوە كرد كە لە سنووری نێوان كرواتیا - سلۆڤینیا گەڕاوەتەوە، بەڵام خێزانەكەی گەیشتۆتە ئەڵمانیا و خۆیشی بە تەنیا ماوەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، ژمارەی پەنابەرانی نێو كەمپی شارۆچكەی ئیدۆمێنی یونان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. لەكاتێكدا ئاماژە بەوە دەكرێت كە ژمارەی پەنابەران لەو كەمپەدا گەیشتۆتە نۆ هەزار، بەهۆی سەختی هەلومەرجی ناو كەمپەكەوە هەندێ لە پەنابەران گواستراونەتەوە بۆ كەمپەكانی دیكە.
بەرپرسی رێكخراوێكی هاریكاری مرۆیی كە لە كەمپەكەدا كاردەكات دەڵێت "بێتوانان لە دەستەبەركردنی پێداویستی پەنابەراندا، هەروەها بەهۆی بەردەوام بەرزبوونەوەی ژمارەیانەوە، شوێنی پێویستی مانەوە نییە".