Emin Avundukluoğlu
30 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2016
بەرلین
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنجێلا مێرکڵ لەبارەی قەیرانی پەنابەران ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ تورکیا لە نزیکەوە لە پەیوەندیدان و رایگەیاند: "لە ئێستادا تورکیا ھەندێک لە ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە و رەوشی کارکردنی پەنابەرانی باشتر کردووە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە".
مێرکڵ ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی پەیڕەوی نەخشەڕێگەی پەنابەران رێککەوتوون و بەم پێیەش گوتی: "سێ ملیار یۆرۆ وەک ھاوکاری دارایی دەدرێت بە تورکیا و لە بەرامبەر تورکیاش ئەرکی سەرشانی جێبەجێ دەکات".
راوێژکاری ئەڵمانیا روونیشی کردەوە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکان لەبارەی چارەسەری قەیرانی پەنابەرانی تورکیادا رێوشوێنی پێویست لەبارەی پێدانی ڤیزە گیراوەتەبەر و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەورووپا لەبارەی کەمکردنەوەی ژمارەی پەنابەران ھەڵوێستی روونی ھەیە و زیاتر گوتیشی: "ئەو پەنابەرانەی بەمەبەستی مانەوە و رەوشی داراییەوە ھاتوون پێویستە بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنەوە. ئێمە پێویستە شەڕ لەگەڵ ھۆکاری پەنابەرێتی بکەین. ھەروەھا پێویستە فێری پارێزگاریکردن لە سنوورەکانی دەریاییمان بین".
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماتیۆ رێنزی ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی ساڵانێکە رووبەڕووی کێشەی پەنابەران بووەتەوە و راشیگەیاند ئەم کێشەیە ئیتر بووەتە کێشەی گشت ئەورووپا.
رێنزی بە پێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی چارەسەری قەیرانی پەنابەران ھاوکاری و پشتگیری یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا بکات کە میوانداری ملیۆنەھا پەنابەر دەکەن و راشیگەیاند کە لەگەڵ مێرکڵ ھاوڕان لەسەر چارەسەری قەیرانی پەنابەران.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە درێژەدا جەختی لەسەر ناردنی سێ ملیار یۆرۆ بۆ پەنابەرانی سووریا لە تورکیا کرد و لەم بارەیەوە گوتی: "ھیچ کێشەیەکمان نییە سەبارەت بە دابینکردنی بڕی سێ ملیار دۆلار بۆ تورکیا. ھاوکات ئێمە لە ٢٩ی تشرینی دووەم لە لووتکەیەک جەختمان لەسەر ئەم بابەتە کردەوە و لە لووتکەی مانگی کانوونی یەکەمیش دووبارەمان کردەوە. ئێمە تەنھا چاوەڕێی وەڵامی ئەو پرسیارانەین کە لەوبارەیەوە پێشکەش بە کۆمیسیۆنی ئەورووپامان کردووە. بۆیە ئەگەر وەڵامێکی نەرێنیش بدرێتەوە، ئێمە لە دابینکردنی ھاوکاری بەردەوام دەبین و کەس لەوە گومانی نەبێت".