Hemn Baban
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2017
ھەولێر-AA
كۆشكهكانی سهدام حوسێن له مووسڵ دوای ئهمریكییهكان چهكدارانی داعشیش بهكاریان هێنا، كۆشكی ئهلڕیماح كه یهكێكه له كۆشكه بهناوبانگهكانی سهدام له مووسڵ ئێستا وێرانهیه، دوای ئهوهی كرایه ئامانج جوانییهكهی لهدهستداوه، یهكێك له هاووڵاتییانی مووسڵ دهڵێت "پێدهچێت ئهبو بهكربهغدادیش لهم كۆشكه مابێتهوه".
ئێستا کۆشکی ئەلڕیماح لە مووسڵ شوێنەواری سەدام حوسێن و شوێنەواری داعشیش لەخۆدەگرێت، سەدام کۆشکەکەی دروست کرد، بەڵام داعش و لایەنگرانی بەعس بوونە ھۆی وێرانکردنی.
لە یەکێک لە بەرزاییەکانی لای چەپی مووسڵ لە نزیک گەڕەکی ئەلعەرەبی یەکێک لە گەورەترین کۆشکەکانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق، سەدام حوسێن ھێشتا بەیەکێک لە شوێنە گرنگ و دیارەکانی ئەم شارە ماوەتەوە.
کۆشکی ئەلڕیماح یەکێکە لەو کۆشکانەی سەدام کە لەنزیک رووباری دیجلە لە مووسڵ بۆ بەسەربردنی کاتەکانی دروستی کردوون، بەڵام ئەم کۆشکە کە لەسەردەمی خۆیدا نزیکبوونەوەی بۆ خەڵکی ناوچەکە ئاسایی نەبووە، دوای خۆی ئەمریکییەکان لە ساڵانی ٢٠٠٣ و دواتریش بەکاریان ھێنا، لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی شارەکەش لە حوزەیرانی ٢٠١٤ و دواتریش رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش"یش بەکارھێنا و بوو بەپێگەیەکی گرنگ بۆ کۆبوونەوەی سەرکردەکانییان و شوێنی مەشق و راھێنانی چەکدارەکانییان وەکو یەکێک لە ھاووڵاتییانی گەڕەکی ئەلعەرەبی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لێوەکرد.
ئێستا کۆشکی ئەلڕیماح کە وەکو لەسەر یەکێک لە کەرپووچەکانی نووسراوە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ دروست کراوە، سەدام ساڵی کۆچیشی لەسەر نووسیوە کە تێیدا نووسراوە "ئەم باڵەخانەیە لە سەردەمی سەرۆک کۆمار سەدام حوسێن دروست کراوە لە ساڵی ١٤٠٩-١٤١٩ی کۆچی،"، ئەم کۆشکە بریتییە لە شوێنێکی گەشتیاریی شارەکە ھەڵکەوتووە و لە بنەچەدا لە چەند کۆشکێکی گەورە پێکدێت و یەکێک لەمانە کۆشکی ناوەندییە لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە کراوەتە ئامانج و وێران بووە.
کۆشکی ناوەندیی ئەلڕیماح ئێستا ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی تێدایە، بەشی ھەرە زۆری کۆشکی ناوەندیی خاپوور بووە، بەڵام ھێشتا ھێما و ئاماژەکانی سەدام حوسێنی تێدا ماوە، وەکو ئاڵاکەی سەدام حوسێن، چەند کەرپووچێک لەسەری ناوی سەدام ھەڵکۆڵراوە.
بۆمبی فڕۆکەکان لەلایەک و ھەڵکۆڵین و شەڕکردنی داعش ئەو کۆشکەیان شەکەت کردووە، لێرە سەقفی کۆشکەکە لە چەندین شوێنەوە کراوەتە ئامانج، ھەرچی لێرە ھەیە شوێنەوارەکانی داعشە، لێرە تونێلێک ھەیە لەنێو ئەم کۆشکە چەکدارانی داعش بۆ کردنە ئامانجی ھێزەکانی عێراق بەکاریان ھێناوە و چەکەکانیشیان لێرە بەجێ ماوە، جگە لە شوێنەواری سووتاوی و رەشی دووکەڵ بەدیوارەکانەوە، ئەم کۆشکە ھەموو جوانییەکانی لەدەستداوە.
سەمیر یەکێکە لە دانیشتوانی مووسڵ کە لەسەردەمی داعش لەم کۆشکەوە نزیک بووە، ئەو دەڵێت" چەکدارانی داعش ئەم کۆشکەیان بۆ مەبەستی زۆر تایبەت و نھێنی بەکاردەھێنا و نزیک بوونەوەی خەڵکی ئاسایی لەو کۆشکە مەترسیدار بوو و رەنگە کوشتنی بەدواوە با".
سەمیر لە گەڕەکی زانکۆی شاری مووسڵ کە نزیکە لە کۆشکەکەی سەدامەوە دادەنیشێت ئەو گوتیشی" پێدەچێت ئەبو بەکر بەغدادیش بۆ ماوەیەک لێرە مابێتەوە، چونکە کۆشکەکە شوێنێکی قایم و توندوتۆڵ بووە، ھەروەھا شوێنێکی شاھانەیە و چەند جارێکیش تێبینی گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنی توندمان لەلایەن داعشەوە لەم شوێنە کردووە".
ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لەم کۆشکە نیشتەجێن، ئەمان زۆر بەھێمنی سەیری دیمەنەکانی شەڕ لە گەڕەکی نزیکییان کە ئەلعەرەبی دەکەن، یەکێک لەو ئەندامانەی دژە تیرۆر کە لە فەوجی بەسرای ئەو ھێزەیە و بردینییە سەر ئەو تونێلەی داعش لەنێو کۆشکەکە بەکاریدەھێنا، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "داعش لە شوێنێکی دیکەوە لە نزیک کۆشکەکەوە دەھاتنە نێو ئەم تونێلە کە لە نھۆمی خوارەوەیەتی و دواتر بە پەیژەیەک دەھاتنە سەرەوە و ئێمەیان دەکردنە ئامانج و دواتر لە ترسی ئاگری ئێمە و بۆمبی فڕۆکەکان دەچوونەوە خوارەوە".
پێشتر بەڕێوەبەری کۆشکەکانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق سەدام حوسێن لە یاداشتەکانیدا دەڵێت ژمارەی کۆشکەکانی سەدام ١٠٠یان تێپەڕاندبوو، مازن جەزراوی لەو بارەیەوە دەڵێت " ھەریەک لەو زیاتر لە ١٠٠ کۆشکەی سەدام حوسێن رۆژانە خواردنی بەھەموو شێواز و جۆرەکانییەوە تێدا ئامادە دەکرا بەشێوەیەک بۆ ئەوەی سەدام حوسێن بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە ھەر یەک لەو کۆشکانە بیەوێت نان بخوات، ئەوە جگە لە خواردنەوە گران بەھا و ئەو چرووتانەی کە لە کوباوە تایبەت پێی دەگەیشت، سەرباری ئەو بۆنەی لەلای ئەو باشترین بوو(ئۆڵدسبایس) کە ھەموو ئامادە بوو".
بەگشتی ئێستا کۆشکەکانی سەدام حوسێن بەسەدام کۆشک دادەنرێن کە لەسەر سەدان کیلۆمەتری چوارگۆشە دروست کراون و لە چەندین پارێزگای عێراق ھەن و زۆرینەیان ئەم خەسڵەتانەیان ھەیە: زۆر گەورە و فراوانن، لە شوێنی بەرز یان ستراتیجی دروستکراون، زۆرینەیان لەسەر یان لە نزیک رووبارەکانن، گرانبەھاترین بەرد و دیکۆراتی تێدا بەکارھێنراوە، دیواری زۆر قایمیان ھەیە، زۆرێکیان ژێرزەمین و تونێلیان لە ژێردایە، زۆرترین رێژەی سەوزایی و مەلەوانگەیان تێدایە، کۆشکەکان بەگشتی بەیەک کۆشک ناسراون، بەڵام ئەمانە کۆمەڵە کۆشکێکن و یەک دانەیان ناوەندییە لەنێو دەیانی دیکە لە دەورووبەریدا کە بەو شێوەیە ژمارەی کۆشکەکانی سەدام حوسێن خۆیان لەو ١٠٠ کۆشک لە سەرجەم عێراقدا دەبیننەوە.
چەکدارانی داعش لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر ھەموو موڵکەکانی حکوومەتی عێراق و ماڵی ئەو ھاووڵاتییانەشدا گرت کە چۆڵییان کردبوون، دواتریش ئەم شوێنانەیان بەکارھێنا، ئێستا کە مووسڵ نیوە پتری رزگاربووە شوێنەوارەکان و رەفتارەکانی داعش دەردەکەوێت و راگەیاندنەکان زیاتر چاویان لەسەر مووسڵە و ئەوەی داعش کردی دەگوێزنەوە.