İlkay Güder,Muhammet Ali Kemal
21 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
لە میانی ئەو لووتکەیەدا کە بڕیارە لە گەشتیارگەی شاری سۆچی باشووری رۆژئاوای رووسیا سازبکرێت، پێشهاتەکانی کەمکردنەوەی توندوتیژیی لە سووریا و چالاکییەکان لە ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە تیرۆریستییەکانی ناو سووریا، تاوتوێ دەکرێن.
بە پێی راگەیەنراوێک کە لە لایەن ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر بانگێشتی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سبەی سەردانی گەشتیارەگەی شاری سۆچی رووسیا دەکات.
لە میانی سەردانەکەدا بە بەشداریی هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، ڤلادیمیر پوتین و هاوتا ئێرانییەکەیان، حەسەن روحانی لووتکەیەکی سێقۆڵی تایبەت بە سووریا لە شاری سۆچی بەڕێوەدەچێت.
لە لووتکەکەشدا هەریەک لەو پێشهاتانەی کە لە ئەنجامی دەستەبەرکردنی کەمکردنەوەی توندوتیژیی لە سووریا هاتوونەتە ئاراوە و چالاکییەکان لەو ناوچانەی کە وەک ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان پێکهێنراون و بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە تیرۆریستییەکانی ناو سووریا، تاوتوێ دەکرێن.
هەروەها گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و ئەو هەنگاوانە دەخرێنە بەرباس کە هەریەک لە سێ وڵاتی گرەنتیکار دەتوانن لەچوارچێوەی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا و لە قۆناغی جنێڤدا بە مەبەستی چارەسەری سیاسیی لە سووریا، بیهاوێژن.