Sangar Hamad Azeez
19 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2016
ژمارەیەك لە لایەنگرانی راستڕەوە توندڕەوەكان لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا گردبوونەوەیەكیان لە دژی كۆچبەران ساز كرد.
پارتی ئازادی نەمسا كە پارتێكی راستڕەوی توندڕەوە لە دژی كۆچبەران و پەنابەران گردبوونەوەیەكی ساز كرد.
لە میانی گوتارێكیدا لە گردبوونەوەكە، سەرۆكی پارتەكە كرستیان هاینز ستراش، رەخنەی توندی لە حكوومەتی وڵاتەكەی گرت و داوای كرد هەرچی زووە رێگری بكرێت لە وەرگرتنی پەنابەران.
ناوبراو گوتی: "خەریكە لەسایەی كۆچبەراندا، وڵاتەكەمان دەبێتە وڵاتێكی ئیسلامی، حكوومەت گەندەڵی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی خۆی دەكات بەوەی چوار ملیۆن یۆڕۆ بۆ پەنابەران خەرج دەكات".
هاوكات لە بەرامبەردا ژمارەیەك هاووڵاتی رەخنەیان لە گردبوونەوەكە گرت و لە بەرامبەریان وەستانەوە و دروشمی 'بەخێربێن پەنابەران وكۆچبەران، راستڕەوەكان بۆ دەرەوە'یان بەرز كردەوە و هوتافیان لە دژیان دەكێشا.
دوابەدوای گردبوونەوەكەش ژمارەیەك لە راستڕەوەكان ویستیان پەلاماری ئەو كەسانە بدەن كە هوتافیان لەدژیان دەكێشا بەڵام پۆلیس رێگری لێكردن و ٤ كەسی لێ دەستگیر كرا.