Sarmand Hameed
11 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2018
هۆڵەندا - AA
کەسێکی نەناسراو لە شاری دراختن باکووری رۆژهەڵاتی هۆڵەندا ئاگری لە مزگەوتیک بەردا کە سەر بە وەقفی ناوەندی ئیسلامییە.
بەڕێوەبەری وەقفی ناوەندی ئیسلامی، خالد بن ناسر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وێڕای ئیدانەکردنی پەلامارەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە زیانێکی زۆر بەر مزگەوتەکە کەوتووە.
خالد بن ناسر گوتی: "پەلامارەکە دەوروبەری کاتژمێر چواری بەرەبەیان بەکاتی شارەکە ئەنجامدراوە و کامێراکانی چاودێری وێنەی پەلاماردەرەکەیان تۆمار کردووە کە شووشەی پەنجەرەکان دەشکێنێت و ئاگر لە مزگەوتە بەردەدات".
بن ناسر ئاماژەی بەوەشکرد کە پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکە کردووەتەوە.
لەماوەکانی رابردوودا لە چەند وڵاتێکی ئەورووپی هێرشی رەگەزپەرستی کرایە سەر ژمارەیەک مزگەوت، ئەم رووداوانە هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی ئیسلامفۆبیا لەو وڵاتانە کە پارتە رەگەزپەرستە توندئاژۆکان وەک دەستکەوت و بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن.