Hamdi Yıldız
18 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2021
ریاز - AA
بە مەبەستی گەرەنتیکردنی ئازادی گەڕان، سعوودیە و ئەمریکا لە دەریای سوور مانۆڕی هاوبەشی دەریایی ئەنجام دەدەن کە ١٠ رۆژ دەخایەنێت.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە، رۆژی یەکشەممە، دووەم مانۆڕی دەریایی "پاسەوانی شین ٢١" لەنێوان هێزی دەریایی ئەمریکا و سعوودیە لە دەریای سوور دەستی پێ کردووە.
مانۆڕەکە کە بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاریکاری سەربازیی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی بۆ جەنگ ئەنجامدراوە، ١٠ رۆژ دەخایەنێت.
لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە ئامانجی مانۆڕەکە بریتیە لە'' پاراستنی دەریاکان بۆ ئازادی گەڕان و رێگای ئاوی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیی لە دەریای سووردا و دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریا''.
لەلایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ئاژانسەکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە بە بەشداری هێزی ئاسمانی سعوودیە و چەند وڵاتێکی دۆست و برا مانۆڕی ناوەندی جەنگیی مووشەکیی ئاسمانیی ٢٠٢١ لە بنکەی ئاسمانیی سەرکەوتن لە ئیمارات دەستی پێ کردووە و تیایدا هێزی ئاسمانیی سعوودیە بە سیستمی فڕۆکەی F-15SE بەشداریان لە مانۆڕەکەدا کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە نەکراوە کە چ وڵاتێک بەشداری لە مانۆڕەکەدا کردووە و ماوەکەی چەندە.