Sinan Uslu,İsmail Çimen
19 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2021
ئەنقەرە – AA
رێگەپێدانی درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی سوپای تورکیا لە ژێر چەتری نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە پێشکەشی کرابوو، بۆ ماوەی ساڵێکی تر، لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا.
لە داواکاریی درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی سوپای تورکیا لە مالی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، ئاماژە بەوە کراوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگھێشتی تورکیای کردووە بۆ بەشداریکردن لە نوێنەرایەتییە تەواوکارییە فرە ڕەھەندەکانی بەرپاکردنی سەقامگیری لە مالی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست.
لە داواکارییەکەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەوە ئاشکرا کراوە کە بەشداریکردنی سەربازیی لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە مرۆيی و سیاسیانەی کە ھەڕەشە لە سەقامگیری ھەرێمیی و ئاشتی لە ئەفریقا دەکات، بەشێوەیەکی گشتی درێژەپێدەرێکی سرووشتیی سیاسەتی چالاکی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکە و ئەفریقا پێکدەھێنێت و ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە پێشتر لە ٢ی ئابی ساڵی ٢٠١٦وە لەگەڵ بڕیارەکانی پەرلەمانی تورکیا مۆڵەتی پێویستیان پێدراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە چوارچێوەی ئەو ئەرک و ئۆپەراسیۆنەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست جێبەجێی دەکات، سنوور، ماوە، ژمارە و کاتی ئەرکەکە لەلایەن سەرکۆمارەوە دیاری دەکرێت.
داوای درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتەی کە لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بۆ ناردنی سوپای تورکیا بۆ دەرەوەی وڵات و بەکارھێنانی ئەم ھێزە لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپانەی کە لە رێگەی ئەو مۆڵەتەوە دراوە و لەلایەن سەرکۆمارەوە دیاری دەكرێت، لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١وە بۆ ماوەی ساڵێک کراوە.
لە دوای گوتاری لایەنە سیاسییەکان، داواکاریی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ رێگەپێدانی درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی سوپای تورکیا لە مالی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، پەسەندکرا.