Ömer Faruk Yıldız
15 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی میانماردا، لانیکەم ٣٨ خۆپیشاندەر بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران.
دەستەی پاڵپشتیکردن لە زیندانیانی سیاسیی لە میانمار لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دوێنێ لە چەندین ناوچەی میانمار، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە گوللەی راستەقینە رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە.
بەگوێرەی ئەو ژمارانەی کە ئەمڕۆ دەستەی پاڵپشتیکردن لە زیندانیانی سیاسیی لە هەژماری خۆی بڵاویکردوونەتەوە، دوێنێ زیاتر لە ٣٨ خۆپیشاندەر بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
یەکێک لە رابەرانی خۆپیشاندانەکە بەناوی زای فیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی شاری یانگۆن، لانیکەم ٥٠٠ سەرباز جێگیرکراون و گوتی: "ژمارەیەکی زۆر کەم پۆلیسی لێبوو، بەگشتی سەربازەکان بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران دەکرد".
بەهۆی کوشتنی ئەو ژمارە زۆرەی خۆپیشاندەران لە میانی یەک رۆژدا، دوێنێ خوێناویترین رۆژی دوای کودەتا سەربازییەکەی یەکی شوباتی ئەو وڵاتە بوو.
لە لایەکی دیکەشەوە وەزیری پێشووی دەرەوەی میانمار و رابەری راستەقینەی ئەو وڵاتە، ئاونگ سان سو چی ئەمڕۆ دووبارە دەبرێتەوە بەردەم دادگا.
ئاونگ سو چی، تا ئێستا دوو جار ماوەی دەستبەسەرکردنەکەی درێژ کراوەتەوە و لەئێستادا تۆمەتەکانی "پێشێلکردنی یاساکانی هەناردەکردن و هاوردەکردن" و "بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک راگەیەندراو کە دەبنە هۆی نانەوەی پشێوی لەنێو خەڵکدا"ی ئاراستە کراوە.
دوای ئەوەی دەنگۆی ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی هەشتی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بڵاوبووەوە، گرژی سیاسیی لەو وڵاتەدا زیادی کرد و دەرئەنجام لە یەکی شوباتدا، سوپا کودەتای بەسەر حکوومەتی هەڵبژێردراودا کرد.
سوپا ئاونگ سان سو چی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی میانمار-ی دەستبەسەر کرد و بۆ ماوەی یەک ساڵیش باری نائاسایی راگەیاند.
دواتر لە شەشی شوباتدا هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی و ئیدانەکردنی کودەتا رژانە سەر شەقامەکان و تا ئێستاش بەهۆی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەسیش دەستبەسەرکراون.