İsa Toprak
03 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا (MİT) لە شارۆچکەی شنگال باکووری عێراق، بەناو بەرپرسی سەربازی شنگالی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە، سەعد عەلی بەدەل لە چالاکی خرا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بەدەستهاتوون، سەعد عەلی بەدەل کە ناوی خوازراوی جەکۆ پیر بووە، بەشداری ئەو پەلامارانەدا کردووە کە کراونەتە سەر بنکەکانی هێزە سەربازییەکانی تورکیا و سەرکردایەتی ئەو چالاکییانەیشی کردووە کە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە لە شنگال دژ بە دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی تورکیا ئەنجامدراون.
دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی تورکیا بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ناوبراو لە شنگال، گرووپێکی تایبەتی ئەرکدار کرد، لەو رێگەیەوە ئەوە ئاشکرا بوو کە بەدەل لەناو هاووڵاتییانی ئێزیدیدا دەژی.
دوای ئەوەی زانیاری ئەوە بە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا گەیشت کە تیرۆریست، سەعد عەلی بەدەل پلانی داناوە بۆ هێرشێکی نوێ بۆسەر بنکەی سەربازیی هێزەکانی تورکیا لە شارۆچکەی باشیک سەربە پارێزگای نەینەوا، دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا (MİT) ئوپەراسیۆنێکی لە شارۆچکەی شنگال ئەنجامدا و تیایدا سەعد عەلی بەدەل لە چالاکی خرا. رێوشوێنی توندیش گیرایەبەر بۆ ئەوەی هیچ زیانێک بە هاووڵاتییانی مەدەنی نەکەوێت کە بەدەل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریهێنابوون.
سەعد عەلی بەدەل کە وەک بەناو بەرپرسی سەبازیی شنگالی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە-یەبەشە، چالاکی ئەنجامداوە، سەرکردایەتی ئەو پەلامار و کردە تیرۆریستیانەیشی کردووە کە دژبە دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی تورکیا و بنکەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە شارۆچکەی باشیک سەر بە پارێزگای نەینەوا ئەنجامدراون.