Hamdi Yıldız
22 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2021
قاهیرە - AA
دادگای میسر لە شاری ئەسکەندریە باکووری ئەو وڵاتە، بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەیان ئەندامی دەستبەسەرکراوی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین دەرکرد.
لە بەیانێکدا کە لەلایەن ئەندامانی ئیخوان موسلمین-ەوە بڵاوکراوەتەوە و بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەیەکی ئەمنیی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت پێیان دراوە، باسی لەوە کراوە کە هێشتا ئەو دەستبەسەرکراوانە ئازاد نەکراون، بەڵام رەنگە بڕیاری دووەمیشیان بۆ دەربکرێت و لەسەر دۆسیەی دیکە دەستبەسەریان درێژەی دەبێت یان بەتەواوی ئازاد دەکرێن، ئەوەیش لە کاتەکانی داهاتوودا روون دەبێتەوە.
هێشتا لەلایەن بەرپرسانی فەرمی میسرەوە روونکردنەوە لەو بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.
پێرێ سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆی میسر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ هەزار و ٦٨٦ سزادراو دەرکراوە و ئازادکراون.
لە کاتێکدا لە راگەیەندراوەکەدا ناوی ئازادکراوەکان بڵاونەکراوەتەوە، زانیاری ئەوەیش نەخراوەتەڕوو کە ئەوانە سزادراوی سیاسیی بوون یان نا.
حکوومەتی میسر، دوای کودەتا سەربازییەکەی ئەو وڵاتە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٣دا، ئیخوان موسلمینی بە رێکخراوی قەدەغەکراو و تیرۆریست ناساند.