Hacer Başer
23 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2019
ئیستانبوڵ ــ AA
سەرچاوەیەکی مافپەروەر لە میسر رایگەیاند كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینی رابردوودا تا ئێستا، ٣٠٠ كەس دەستگیركراون.
پێشتر كەناڵەكانی سەربە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە و چالاكوانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینی رابردوویان بڵاوكردبوویەوە و رایانگەیاندبوو كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا، خۆپیشاندەران دروشمیان دژبە سەركۆمار، عەبدولفەتاح سیسی گوتەوەتەوە.
پارێزەر و چالاكوانی مافی مرۆڤ، خالید عەلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینی رابردوودا تا ئێستا دەستگیركراون، گەیشتووەتە ٣٠٠ كەس.
هاوكات ناوەندی میسری بۆ مافەکانی ئابووری و كۆمەڵایەتی كە ناوەندێكی تایبەتە و بارەگاكەی لە قاهیرە-یە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینی رابردوودا تا ئێستا دەستگیركراون، گەیشتووەتە ٣٥٦ كەس.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "لە دوێنێ یەكشەممەوە داواكاری گشتی ئاسایشی باڵای دەوڵەت كە تایبەتە بە پرسەكانی ئاسایشی نەتەوەیی دەستیكردووە بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا".
بەپێی راگەیەندراوەكە ژمارەیەك قوتابی، چالاكوان و رۆژنامەوانان كە لە چەند ناوچەیەكی میسر دەستگیركراوان لەنێویاندا ناوەڕاستی قاهیرە و پارێزگای سوێس باكووری رۆژهەڵاتی میسر.
لە راگەیەندراوەكەدا هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە پارێزەر و چالاكوانانی مافی مرۆڤ، ماهینور میسری دەستگیركراوە، ئەویش دوای ئامادەبوونی لە لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا.
هیچ روونكردنەوەیەك لەوبارەوە لە لایەن كاربەدەستانی میسرەوە بڵاونەكراوەتەوە.