Fakhradin Ibrahim Mohammad
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف کرد.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا کە جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران کرا ، لە سەر بنەمای رێز و بەرژوەندی ھاوبەش. ھەروەھا جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی ئابووری و ئالوگۆڕی بازرگانی کرایەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی و گرنگیی جێبەحێکردن و پابەندبوون بە یاسای بوودجەی گشتیی و ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن هەریەک لە جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، سەفین دزەیی پێشوازیی لێکرا.