Sarmand Hameed
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف و شاندێکی یاوەری کرد کە لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئیرەج مەسجدی و کونسوڵی ئێران لە ھەولێر، نەسروڵڵا رەشنوودی و کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی، مەھدی شوشتەری و ژمارەیەک لە کاربەدەست و راوێژکارانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێکھاتبوو.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دواپێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ھەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم عێراق تاوتوێ کرا. ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەی بایەخێکی تایبەتی ھەیە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی رێگەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئارامی عێراق و ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی ئاڵوگۆڕ کرا و جەختیش لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کرایەوە.
رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە مەڕ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق تەوەری دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.
هەریەک لە سکرتیری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئازاد بەرواری ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن هەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، سەفین دزەیی پێشوازیی لێکرا.