Muhammet Tarhan,Mehmet Şah Yılmaz,Nazlı Yüzbaşıoğlu
02 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە ئەوە گرنگ نییە لە ئیسرائیل کێ حکوومەت پێکدەهێنێت، بەڵکو ئەوە گرنگە کە ئەو حکوومەتەی پێکدەهێندرێت چ سیاسەتێک پەیڕەو دەکات و گوتی: ''ئیسرائیل هەر حکوومەتێکی هەبێت با ببێت، بۆئەوەی درێژە بە پەیوەندییەکی تەندروست بدات لەگەڵماندا، پێویستە واز لە سیاسەتە هەڵەکان بهێنێت''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تۆگۆ، رۆبێرت دوسی وەڵامی پرسیاری رۆنامەونانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە ئیسرائیل و چاوەڕوانییەکانی دامەزراندنی حکوومەتی نوێ، ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی ئیسرائیل پرسێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە ئەوە گرنگ نییە لە ئیسرائیل کێ حکوومەت پێکدەهێنێت، بەڵکو ئەوە گرنگە کە ئەو حکوومەتەی پێکدەهێندرێت چ سیاسەتێک پەیڕەو دەکات و گوتی: ''ئیسرائیل هەر حکوومەتێکی هەبێت با ببێت، بۆئەوەی درێژە بە پەیوەندییەکی تەندروست بدات لەگەڵماندا، پێویستە واز لە سیاسەتە هەڵەکان بهێنێت. (ئیسرائیل) پێویستە هێرشەکانی بۆسەر فەڵەستین راگرێت، هەروەها پێویستە واز لە هەنگاوەکانی بەلارێدانی چارەسەری دوو دەوڵەتی بهێنێت. پێویستە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی ئاشتیی''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: ''لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل لەم دواییانەدا یەکە نایاساییەکانی نیشتەجێبوونی زیادکردووە و بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەڵەستینییەکان. دوێنێ و ئەمڕۆ هەنگاویان ناوە لەبارەی یەکانەوە. وەک وەزارەتی دەرەوە راگەیەندراوێکمان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە. پێویستە ئیسرائیل واز لەو سیاسەتانە بهێنێت، هەروەها پێویستە واز لەو هەنگاوانە بهێنێت کە پێگەی قودس بهەژێنێت''.
مەولود چاوشئۆغڵو هاوکات باسی لەوە کرد کە پێویستە ئیسرائیل واز لەو سیاسەتانە بهێنێت بۆئەوەی پەیوەندیی تەندروستی لەگەڵدا بنیاتبنرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند ''ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لەسەر ئەو سیاسەتانە، ئەوا ناگونجێت پەیوەندییەکی تەندروستیی لەگەڵ بنیاتبنێین، هەلومەرجی چارەسەری دوو دەوڵەت دیارە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتیی و رێز لە مافی فەڵەستینیەکان بگرن، ئەو کات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەموواندا تەندروستر دەبێت نەک تەنیا لەگەڵ ئێمەدا. ئەو چەند چاوەڕوانییەی کەمێک پێش ئێستا باسم کرد، تەنیا چاوەڕوانی تورکیا نین. لەبەرئەوە، ئەوە گرنگ نییە کێ حکوومەت پێکدەهێنێت، بەڵکو ئەوە گرنگە کە حکوومەتی نوێ چ سیاسەتێک پەیڕەو دەکات''.