Mustafa Deveci
02 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2021
قودس - AA
پەرلەمانی ئیسرائیل، سەرۆکی ئاژانسی زایۆنیزم و سەرۆکی پێشووی پارتی کار، ئیسحاق هێرزۆگ بە سەرکۆمار هەڵبژارد.
بەمەبەستی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی سەرۆکی ئیسرائیل، رئۆڤین ریڤلین کە لە نۆی تەمووزدا، ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو دەبێت، پەرلەمانی ئیسرائیل کۆبووەوە.
لە دەنگدانێکدا کە لە پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، سەرۆکی پێشووی پارتی کار، ئیسحاق هێرزۆگ لەگەڵ چالاکوانی زایۆنیست، میریام پێرێتز کە لە دایکبووی مەغریبە و نیشتەجێی یەکەی جوولەکەنشینی گیڤات زەڤ-ە کە دەکەوێتە نێوان کەناری خۆرئاوا و قودسی خۆرهەڵاتەوە، کێبڕکێیان کرد.
لە خولی یەکەمی دەنگدانەکەدا لە کۆی دەنگی ١٢٠ پەرلەمانتار، هێرزۆگ دەنگی ٨٧یانی بەدەستهێنا و لە بەرامبەریشدا رکابەرەکەی پێرێتز ٢٧ دەنگی بەدەستهێنا، بەو شێوەیە هێرزۆنگ بووە یازدەهەمین سەرۆکی ئیسرائیل.
- ئیسحاق هێرزۆگ، کێیە؟
هێرزۆگ-ی تەمەن ٦٠ ساڵان کە سەرۆکی ئاژانسی زایۆنیزمە، کوڕی شەشەمین سەرکۆماری ئیسرائیل، حایم هێرزۆگ-ە کە لە ساڵی ١٩٨٣-١٩٩٣دا وڵاتی بەڕەوەبردووە.
ئیسحاق هێرزۆگ لە ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٧دا، سەرۆکی پارتی کار بووە.
سەرۆکی ئیسرائیل کە بۆ حەوت ساڵ هەڵدەبژێردرێت، بە پێچەوانەی سەرۆکوەزیران کە دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە، خاوەن دەسەڵاتێکی سنووردارە و سمبوولیە.
دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە ئیسرائیل سنووردارە لە دەرکردنی لێخۆشبوون بۆ سزادراوان، وەرگرتنی نامەی دەستبەکاربوونی باڵیۆزەکان و راسپاردنی براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت.