Muhammet Ali Kemal,Sarmand Hameed
15 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2016
لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی داوای کردووە بەپەلە چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە.
نامەکە واژوی سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە ئەیاد ئەمین مەدەنی لەسەرە، تێیدا باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریا کراوە.
مەدەنی داوایکردووە دەستبەجێ چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە و رایگەیاندووە: ''رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە لەچوارچێوەی راگەیەندراوی جنێڤ یەکدا سەبارەت بە قەیرانی سووریا و لەژێر رۆشنایی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پێویستە چارەسەرێکی دەستبەجێ و بەپەلەی سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە و ئێمەش پشتیوانیی لە هەر هەوڵێک لەو بارەیەوە دەکەین''. ئەمە جگە لەوەی باسی ئەوەی کردووە ئەوان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی دۆخی کارەساتباری مرۆیی گەلی سووریا دەکەن.
هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رۆژی شەشی ئاب رایانگەیاند بوو ئەو گەمارۆیەیان شکاندووە کە لەسەر دەستی رژێم بەسەر حەلەب و چەند ناوچەکانی دیکەی دەورووبەریدا سەپێنرا بوو.