Sibel Morrow
21 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2020
ئەنقەرە - AA
دوێنێ بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت تا ٤٤ دۆلار و دوو سەنت نزمبۆوە و رۆژەکەی بە ٤٤ دۆلار و ٩٠ سەنت تەواو کرد. بەڵام بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت بە ڕێژەی سەدا ٠،٢ بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی و بە ٤٥ دۆلار و یەک سەنت مامەڵەی پێوەکرا. لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس نرخەکەی گەیشتە ٤٢ دۆلار و ٨٤ سەنت.
دووبارە هاتنەوە رۆژەڤەی سزا خستنەسەر ئێران لە لایەن ئیدارەی ترەمپ-ەوە کاریگەری هەیە لەسەر بە بەرزی مانەوەی نرخی نەوت.
دوێنێ ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، مایک پۆمپیۆ-ی راسپاردووە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار بکاتەوە لە بارەی میکانیزمی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێراندا.
جێی وەبیر هێنانەوەیە هەفتەی پێشوو ئەمریکا پرۆژەیاسایەکی دەربارەی تازەکردنەوەی سزاکانی بازرگانی کردنی چەک بەسەر ئێران-دا، پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ماوەی سزاکان لە ١٨ی تشرینی دووەمدا کۆتایی دێت و لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا تەنها ئەمریکا و کۆماری دۆمینیک دەنگیان بە بەڵێ بەو پڕۆژە یاسایەدا.
دابەزینی خێرای یەدەکەکانی نەوتی ئەمریکا هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئەو سووتەمەنییە. هەفتەی رابردوو، یەدەکەکانی نەوتی ئەمریکا بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی ١،٦ ملیۆن بەرمیل کەمی کرد، لە کاتێکدا وا چاوڕوان دەکرا یەدەکەکان ٢،٧ ملیۆن بەرمیل کەم بکات.