Muhammet Ali Kemal
28 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2016
حەسەکە - AA
سەرەڕای لێدوانە پێچەوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، لەماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا لە رێگەی ئاسمانیی و وشکانییەوە چەک رەوانەی پارێزگای حەسەکەی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە کراوە.
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکی باس لەوە دەکەن کە ھاوکاری سەربازیی چەکدارانی پەیەدەیان نەکردووە لە سووریا، بەڵام جموجووڵەکان لە گۆڕەپانەکەدا درێژەی ھەیە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، جۆن باس، ھەینی رابردوو لە دیمانەیەکدا رایگەیاند: "ئێمە راستەوخۆ پشتیوانی لە پەیەدە ناکەین، چەک و جبەخانەیان بۆ دەستەبەرناکەین".
بەڵام بەپێی زانیاریی پەیامنیرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە حەسەکە، ئیوارەی ھەمان ئەو رۆژەی باس روونکردنەوەی داوە، فڕۆکەی بارھەڵگری سەربازی لە بنکەی ئاسمانی رومێلان نیشتووەتەوە. پاشان ھێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا باری ناو فڕۆکەکەی بۆ ناوچە جیاوازەکان گواستووەتەوە.
رۆژێک دوای ٧ی نیسان، کە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە باس، ئاماژەی بەوە کردبوو ھاوکاری سەربازی پەیەدەیان نەکردووە، ھێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا بڕیکی زۆر پشتیوانی سەربازییان بۆ چەکدارانی پەیەدە گواستووەتەوە.
- بنکەکانی ئەمریکا-پەیەدە/پەکەکە لەناوچەکە
ئەمریکا لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا لەشارۆچکەی رومێلانی باکووری رۆژھەڵاتی حەسەکە و لەگوندی خەراب ئشکی باشووری کۆبانێ لەمانگی ئازاری رابردوودا بنکەی سەربازیی دامەزراندبوو. لەکاتێکدا فڕۆکە بارھەڵگرەکان دەتوانن لەبنکەی رومێلان بنیشنەوە لەبەر ئەوەی گەورەترە، بەڵام لەئێستادا بنکەکەی گوندی خەراب ئشک تەنھا لەلایەن ھێلیکۆپتەرەکانەوە بەکاردەھێنرێت.
پەیەدە/پەکەکە ئامانجیان ئەوەیە لەحەسەکەوە کە دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی سووریاوە تاکو بەرامبەر پارێزگای ھاتای تورکیا، بەدرێژایی سنووری تورکیا ناوچەیەک دروست بکەن کە خۆیان تێیدا دەسەڵاتداربن.
لەوچوارچێوەیەشدا سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ھاوکارییە دەرەکییەکان بۆ پەیەدە، دوێنێ رایگەیاند: ''ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەسەرەتاوە دەیانگوت چی؟ دەیانگوت 'بەرەنگاری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەبینەوە تا کۆتایی'. تەنانەت ئێمەشیان بەھاوکارییکردنی داعش تاوانباردەکرد. ئێستا ھیچ لایەکیان دیارنەماون. بەڵکو بەپێچەوانەوە ھاوکاریی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەپەگە و پەیەدە دەکەن بە داعشیشەوە''.