Tuğba Altun,Sümeyye Dilara Dinçer
03 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2025
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "ئەگەر لە سووریا زۆرینە یان کەمینە هەبێت، گرنگ نییە کێیە، نوسەیری، عەلەوی، ئێزیدی، مەسیحی بێت، هەرکەسێک بن، تورکیا هاوشێوەی ئەوانی دیکە پارێزەریانە".
دوای کۆبوونەوەیان لە بینای وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرە، فیدان و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، بێرنارد کوینتین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لە سیاسەتی دەرەکیدا بە پشت بەستن بە بنەما دیاریکراوەکان کار دەکات و، لەوە ناڕوانێت کێ ئەنجامی داوە و بەرامبەر کێ کراوە، بەڵکو لەوە دەڕوانێت ڕووداوەکە چییە و چۆن بووە.
هاکان فیدان باسی لەوە کرد کە لە میانی ستەمی ڕژێمەکەی ئەسەددا ملیۆنان کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، لە نێویشیاندا تورکەکان کە ناچاربوون ڕوو بکەنە وڵاتانی دیکە، لەو ڕووەشەوە تورکیا دوودڵ نەبوو لە پێشوازی کردن لەو کەسانەی بەرامبەر ئەو ستەمە پەیایان بۆ بردووە.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد تورکیا بە هانای ئەوانەوەچووە کە پەنایان بۆ بردووە و، هەوڵیش دەدات بۆ بەدیهێنانی ژنگەیەک بۆ ئەوەی سوورییەکان لە ئارامییدا بژین و، گوتی: "لەم سەردەمە نوێیەشدا هەر کەسێک لە سووریا هەست بە ناڕەحەتی و نیگەرانی بکات، خۆ ئەگەر لە سووریا زۆرینە یان کەمینە هەبێت، گرنگ نییە کێیە، نوسەیری، عەلەوی، ئێزیدی، مەسیحی بێت، هەرکەسێک بن، تورکیا هاوشێوەی ئەوانی دیکە پارێزەریانە. هەموو جۆرە هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەمانە لە سووریا دووچاری کێشە نەبنەوە. دەسەڵاتی نوێی سووریاش زۆر هەستیارە لەم پرسەدا، پشتیوان بە خودا هیچ شتێک ڕوونادات، بەڵام ئەگەر ڕوویدا سەرکۆمارمان (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) زۆر زۆر هەستیارە لەم پرسەدا، بنەماکان دیارن. هەر کەسێک ستەمی لێبکرێت ئێمە پشتیوانی لە ستەمدیدە دەکەین. هاودەنگ دەبین لەگەڵیدا. لەبەرئەوە لەوە ناڕوانین بەرامبەر کێ کراوە، لەوە دەڕوانین چی بووە".