Muhammed Semiz
02 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2022
کەرتی غەززە - AA
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانییان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی سەربە حەماس لە كەرتی غەززە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی یەک لە دوا یەکیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربە لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس بەناوی قادسییە لە شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە.
گەواهیدەران باسیان لەوە کرد کە فڕۆکە جەنگییەکان ١٠ جار لەسەر یەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئەو ناوچەیە.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، هێشتا روونکردنەوەی نەداوە لەوەی هێرشەکە قوربانی لێکەوتووەتەوە یان نا.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە دوو مووشەک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی وڵاتەکەی کراوە و لە کەناراوەکانی ناوچەی گوش دان کەوتوونەتە دەریای ناوەڕاستەوە.
لە هەواڵێکدا کە لە دەزگای پەخشی گشتیی ئیسرائیلدا بڵاوکراوەتەوە، سوپای ئیسرائیل بڕیاریداوە بەرپەرچی ئەو مووشەکانە بداتەوە کە لە کەرتی غەززەوە ئاراستە کرابوون.