Enes Canlı,Esat Fırat
21 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2024
قودس - AA
لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کۆگایەکی چەک لە ناحیەی ئادلونی سەربە شاری سور لە باشووری لوبنان، تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکە ڕوویدا و لانی کەم سێ کەس برینداربوون.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی لوبنان NNA، سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ناحیەی ئادلون لە باشووری لوبنان و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکە کراوەتە سەر کۆگایەکی چەک، بەو هۆیەشەوە تەقینەوەکان بەردەوامن.
باس لەوە کرا کە بەهۆی تەقینەوەکانەوە پارچە گەیشتووەتە گوندەکانی دەوروبەر و، سێ کەس برینداربوون و، هاتوچۆ لە ڕێگای خێرای نێوان شارەکانی سایدا و سور بە هەردوو ئاڕاستەدا داخراوە.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا دیمەنی تەقینەوەکان و بڵێسەی ئاگری تەقینەوەکان بڵاوکرایەوە.
ڕاگەیاندنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە هێرشەکە لە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتری سنوور ئەنجامدراوە.