Mehmet Burak Karacaoğlu,Ahmet Karaahmet
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
ئیدلب - AA
فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا، هێرشیان کردە سەر کەمپێکی مەشق و راهێنانی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو لە پارێزگای ئیدلب و ژمارەیەکی زۆر سەرباز گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەربازییەوە دەستکەوتووە، هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر هێزەکانی فەیلەقی شام سەربە سوپای نیشتمانیی سووریا.
لە هێرشەکەدا کە کراوەتە سەر کەمپێکی مەشق و راهێنانی سوپای نیشتمانیی سووریا ژمارەیەکی زۆر سەرباز گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە ئەو فڕۆکە جەنگییەی هێرشەکەی ئەنجامداوە سەربە رووسیا بووە.
- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە ٤-٥ی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن، بە تایبەتی لە ئیدلب و هەندێک ناوچەی پارێزگاکانی دەورووبەری (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژهەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترا).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار پارێزگایە سیانیان کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەهێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و هێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر ناوچەی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژیی.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئایاردا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد.