Davit Kachkachishvili
10 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2022
کراماتۆرسک - AA
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی رووسیا بۆ سەر شاری دروجکۆڤکا لە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکراینا، ناوهندێكی بازاڕكردن وێران بوو و باڵهخانهكان زیانیان بەرکەوت.
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هێزەکانی رووسیا بە تەواوی شاری لیسیچانسک-یان لە ناوچەی لوهانسک کۆنترۆڵ کرد، هێرشەکانیان بۆ سەر شارەکانی کراماتۆرسک و دروجکۆڤکای ناوچەکە زیاد کردووە.
هێزەکانی رووسیا چوار مووشەکیان ئاڕاستەی شاری دروجکۆڤکا کرد لە دۆنێتسک.
بەهۆی مووشەکەکانەوە لە دروجکۆڤکا ناوهندێكی بازاڕكردن بەناوی "ئەسترۆن"، ناوەندێکی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان، گۆڕەپانی یاریکردن و چەند باڵهخانهیهكی دیکەی ناوەندی شارەکە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دروجکۆڤکا، دیمیترۆ کیدریاپکین بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئەو مووشەکانەی باسیان لێوە دەکردێت کاتژمێر پێنجی بەرەبەیان لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە ئاڕاستەکراون.
دیمیترۆ کیدریاپکین ئاماژەی بەوەدا ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی رووسیا زیادیان کردووە و رایگهیاند: "چوار هێرشی مووشەکی لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی رووسیا ئەنجامدراوە".
کیدریاپکین ههروهها ئاشکرای کرد بەهۆی ئەوەی هێرشەکان لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیان ئەنجامدراون برینداربوونی هیچ کەسێکی لێ نەکەوتووەتەوە، راشیگهیاند: "یەکێک لە مووشەکەکان بەر ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان کەوتووە. خەڵک لەوێ تەنها یارمەتی وەردەگرن".
ئاماژەی بەوەشدا کە ناوهندێكی بازاڕكردنی بازرگانی و ژمارهیهك باڵهخانه لە شارەکە زیانیان بەرکەوتووە، گوتیشی: "سەربازانی رووسیا لە هەموو بەشێکی دۆنێتسک دەدەن. بەبێ جیاوازی هێرش دەکەنە سەر هەموو خاڵێک. ئەو شوێنانە دەکەنە ئامانج کە هاووڵاتیانی مەدەنی لێیە".