Mohammed Baqi Hussein,Hemın Othman Mohammed
17 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2016
- گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مارك تۆنه‌ر: "دۆخێكی ناهەموارە به‌ڵام ئه‌و پێشهاته چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌بوو"
- تۆنه‌ر: "ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌واڵانه راست بن و پێشتر مۆڵه‌ت له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رنه‌گیرابێت، ئەوا پێشێلی بڕیاری ژماره 2231 ده‌كرێت كه رێگریی لە پشتیوانیی لە ئێران، فرۆشتن و گواستنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگی بۆ ئەو وڵاتە دەکات".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌واڵی به‌كارهێنانی فڕۆكه‌خانه سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رووسیاوه به دۆخێكی ناهەموار ناودەبات و بەڵام پێی وایە ئه‌و پێشهاته چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌بووە.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مارك تۆنه‌ر له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی رۆژانه‌یدا، وه‌ڵامی ژمارەیەک پرسیاری دایەوە سه‌باره‌ت به به‌كارهێنانی فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی هه‌مه‌دان له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رووسیاوه بۆ لێدانی ئامانجه‌كانی له سوریا.
مارك تۆنه‌ر پێشهاتهكهی به دۆخێكی ناهەموار ناوبرد و بەڵام پێی وابوو ئه‌و پێشهاته چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌بووه، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد رووسیا داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ی كردووه‌ته ئامانج.
- كیری و لاڤرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامدا
تۆنه‌ر ئاشکرایکرد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، جۆن كیری په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا رووسییهكهیدا ئه‌نجامداوه و له‌وباره‌یەوه گوتی:"ئه‌م دۆخه قه‌یرانی سوریا ئاڵۆزتر و سه‌ختتر ده‌كات. ئه‌م پێشهاتانه ئێمه له كاره‌كانمان بۆ راگرتنی پێكدادانه‌كان لە سوریا و جێبەجێکردنی رێككه‌وتنه‌كانی جنێڤ بەمەبەستی دەستپێکردنی قۆناغی راگوزه‌ری سیاسی، دوورده‌خاته‌وه. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه روون نییه ئه‌وه‌یه نازانرێت رووسیا به چ پێوه‌رێك ئێرانی به‌كارهێناوه. ئەوەندەی ئێمه لێی تێده‌گه‌ین ئه‌مه پێده‌چێت بۆ ته‌نها جارێك بێت، ره‌نگه به‌رده‌وامیش بێت. له‌ئێستادا ئه‌مه نازانرێت. كیری له‌گه‌ڵ لاڤرۆڤ بابه‌ته‌كه‌ی تاوتوێكردووه."
راشیگه‌یاند كیری له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا نیگه‌رانییه‌كانی وڵاتەکەی به لاڤرۆڤ راگه‌یاندووه.
- "ره‌نگه پێشێلكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ئارادابێت"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ''ئایا به‌كارهێنانی كایه‌ی ئاسمانیی ئێران له‌لایه‌ن رووسیاوه، پێچه‌وانه‌ی بڕیاری ژماره 2231ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نییه، كه به‌كارهێنانی خاكی ئێران و كایه‌ی ئاسمانیی ئه‌و وڵاته‌ی له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانه‌وه قه‌ده‌غه كردووه؟ ئەی ئایا ئه‌گه‌ر بێت و مۆڵه‌تێكی تایبه‌ت له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگیرێت ده‌توانرێت كایه‌ی ئاسمانیی ئێران به‌كاربهێنرێت؟ ئایا هیچ مۆڵه‌تێك لەوبارەیەوە وه‌رگیراوه؟''
مارک تۆنه‌ر ئاشکرایکرد هیچ مۆڵه‌تێك وەرنەگیراوە و رایگەیاند: ''ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌واڵانه راست بن و پێشتر مۆڵه‌ت له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رنه‌گیرابێت، ئەوا پێشێلی بڕیاری ژماره 2231 ده‌كرێت كه رێگریی لە پشتیوانیی لە ئێران، فرۆشتن و گواستنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگی بۆ ئەو وڵاتە دەکات". باسی لەوەشکرد یاساناسان كاریان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه كردووه و لێكۆڵینه‌وه له ورده‌كارییه‌كان ده‌كه‌ن.
تۆنه‌ر جه‌ختی له‌وه كرده‌وه به‌كارهێنانی فڕۆكه‌خانه سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌لایه‌ن رووسیاوه، نابێتە رێگر له هه‌ماهه‌نگیی نێوان ئه‌مریكا و رووسیا له سووریا لە بواری سه‌ربازییدا و رایگەیاند: "هێشتا نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و خاڵه".