Kasım İleri
19 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2019
واشنتۆن - AA
وردەکارییەکانی بەرنامەی "مەشقی پێ بکە و پڕچەکی بکە" لە عێراق و سووریا کە لە بوودجەی بەرگریی ٢٠٢٠ی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) تەرخانکراوە، ئاشکراکران.
بەپێی ئەو وردەکارییانەی بوودجە کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دەستیکەوتووە، ٧٤٥ ملیۆن دۆلار بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و لە سووریاش ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ چەکدارانی یەپەگە/پەکەکە کە ناوی هەسەدە بەکاردەهێنن، تەرخانکراوە.
ئەمە جگە لەوەی بە مەبەستی پشتیوانییکردن لە ئاسایشی سنوورەکانی ئەو وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵ سووریادا، ٢٥٠ ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە.
لەو ٧٤٥ ملیۆن دۆلارەی کە وەک هاوکاریی بۆ عێراق تەرخانکراوە، ٣٠٨ ملیۆن دۆلاری بۆ مەشق و پێداویستیی چەکی هەریەک لە یەکە عێراقییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزە تایبەتەکان، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵ، لیواکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، هێزی پۆلیسی ئاسایشی وزە و هێزی پێشمەرگە، تەرخانکراوە.
لەنێو بڕگەکانی یەکەمی بوودجەکە ئاماژە بەوەکراوە لەنێو ئەو کەلوپەل، پێداویستیی و چەکانەی دراونەتە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، چەکی ئۆتۆماتیکی، چەکی سووک و قورس، ناقیلەی گواستنەوەی سەربازان، ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش هەن.
١٢٦ ملیۆن دۆلار لە هاوکارییەکە بۆ پشتیوانیی لە ئۆپەراسیۆنەکان، ١٨٩ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیی لۆجستیی، ٢٨ ملیۆن دۆلاری بۆ کاروباری نۆژەنکردنەوە لە بنکەکان، ٩٤ ملیۆن دۆلاری بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی چەک، کەلوپەل و نۆژەنکردنەوە خەرج دەکرێت.