Ata Ufuk Şeker
03 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2022
برۆکسل-AA
وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، پاکێجێکی نوێی سزایان پەسەند کرد کە بڕیاری به فەرمیی قەدەغەکردنی ھاوردەکرنی نەوت لە رووسیاوه له خۆدهگرێت.
لەو پەیامەدا کە لە ھەژماری سەرۆکی ئەم خولەی یەکێتیی ئەورووپا كه فهڕهنسایه بڵاوکراوەتەوە، ئاماژه بهوه کراوە لە میانی ئەو کۆبوونەوەی کە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە لۆكسهمبۆرگ ئەنجامیانداوە، شەشەم پاکێجی سزاکانی سەر رووسیا پەسەند کراوە، و سبهی سزاكان لە رۆژنامەی فەرمیی یەکێتیی ئەورووپادا بڵاودەکرێنەوە و دهچنه بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئەو پاکێجە نوێیەی سزا بۆ سهر رووسیا، ماڵ و سامانی چەند بەرپرسێکی رووسی، ئۆلیگارکەکان و ئەندامانی خانەوادەکانیان بلۆک دەکرێت و قەدەغەی گەشتکردن دەخرێتە سەریان.
ههر بەپێی سزاکان، ھاوردەکردنی نەوتی رووسیا لە رێگەی دەریاوە قەدەغە دەکرێت.
ههروهها تاوهکو کۆتایی ئەمساڵ ھاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە به رێژەی سەدا ٩٢ کەمدەکرێتەوە.
جگه لهوه یاساغ دەکرێتە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ سێكتهری نەوتی رووسی.
ھەر بەپێی سزاکان، سێ بانکی رووسی کە بانکی سبێربانک-یش لە نێویاندایە و بانکێکی بێلاڕووسی لە سستەمی نێودەوڵەتیی پارەدان (SWIFT) دەردەکرێن.
چوارچێوەی قەدەغەی ھەناردەکردن بۆ رووسیا فراوان دەکرێت.
ههروهها قەدەغە کراوەتە سەر پەخشی سێ دامەزراوەی میدیایی رووسی که كاریان پڕوپاگهندهكردنه.
دهستڕاگهیشتن به خزمەتگوزاری راوێژکاری له رووسیاوه، كۆتایی پێدههێنرێت.
- دەربارەی پاکێجی شەشەم
کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە سەرەتای مانگی رابردوودا پاکێجی شەشەمی سزاکانی ئامادە کردبوو.
پاکێجەکە لە ماوەی شەش مانگدا و قۆناغ بە قۆناغ کۆتاییهێنان بە دابینکردنی نەوت لە رووسیاوە، و دابینکردنی بەرھەمەکانی پاڵاوگەکان لە ماوەی ساڵێکدا لەخۆ دهگرێت.
بابەتی قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی نەوت کە لە پاکێجەکەدا جێگیرکرابوو، ببووە کێشە لە نێوان وڵاتانی ئەندامی یهكێتیی ئهورووپا.