Kasım İleri
14 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2021
واشنتۆن- AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند کە حکوومەتی رووسیا، ٢٠٠ سەرۆکی شارەوانی و سیاسەتمەداری بە هۆکارێکی گوماناوی دەستبەسەرکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردووەتەوە ئیدانەی دەستگیرکردنی ٢٠٠ لایەنگری ئۆپۆزسیۆنی لە رووسیا کردووە.
ئەنتۆنی بلینکن نووسیویەتی "ئەمڕۆ حکوومەتی رووسیا، ٢٠٠ سەرۆکی شارەوانی و سیاسەتمەداری بە هۆکارێکی گوماناوی دەستبەسەرکردووە. داوای لێدەکەین کۆتایی بهێنێت بە چەوساندنەوەی دەنگە سەربەخۆکان".
پێشتر پۆلیسی رووسیا هەڵیکوتابووە سەر کۆبوونەوەیەکی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ٢٠٠ ئامادەبووی کۆبوونەوەکەی دەستبەسەر کرد.
پۆلیسی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستبووەڕوو کە لە کۆنفڕانسێکدا لە شاری مۆسکۆ، رێوشوێنەکانی تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشێلکراوە و کۆبوونەوەکەش لەلایەن رێکخراوێکی کێشەدارەوە ئەنجامدراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلوولی داهاتوو ، نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن لە هەموو لایەکی رووسیاوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە، هاتبوونە مۆسکۆ-ی پایتەخت.