Sangar Hamad Azeez
17 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ راگەیاند، وەڵامی داواکاری گشتی کەیسی لێکۆڵینەوە لە دەستێوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکای دایەوە و گوتی: "وەڵامی پرسیارەکانی داواکاری گشتیم بە نووسراو داوەتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا نووسراوەکانم رادەستی لایەنی پەیوەندیدار نەکردووە".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک لە کۆشکی سپی، سەبارەت بەوەی ترەمپ وەڵامی داواکاری گشتی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دەستێوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکای داوەتەوە، ترەمپ جەختی کردەوە لەوەی کە زۆر بە ئاسانی وەڵامی پرسیارە نووسراوەکانی موڵەری داوەتەوە و گوتیشی: "ئەگەر بێتو نییەتتان باش نەبێت لە پرسینی ئەم پرسیارە پێویستە زۆر وریا بن".
سەرۆکی ئەمریکا خۆی دزیەوە لە باسکردنی ئەوەی کە کەی وەڵامەکان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکات و گوتیشی: "پرسیارەکان خۆم وەڵامم دانەوە نەک پارێزەرەکەم".
ترەمپ دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێس پۆستی وەزیری دادی لە جێف سێسشن وەرگرتەوە.
ئەو سەرۆکە چەندین جار رەخنەی لە سێسشن گرتبوو کە گوایە لە بابەتی لێکۆڵینەوەکانی موڵەر هەنگاوی پێویستی نەناوە و لە شوێنی ئەو ماتیۆ وایتەکەر-ی وەک وەزیری دادی ئەمریکا دەستنیشانکرد.