Mohammed Abudoun
23 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2023
غەززە - AA
وەزارەتی ناوخۆ لە کەرتی غەززە بڵاوی کردەوە، بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، مزگەوتی نور محەممەد لە گەڕەکی شێخ ڕەزوان لە باکووری کەرتی غەززە، بە تەواوی وێران بووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بە هۆی بۆردومانەکە چەند کەسێکیش بریندار بوون و هاوکات خانوویەکی دیکەش لە هەمان ناوچە کراوەتە ئامانج کە کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆ لە کەرتی غەززە بڵاوی کردبوویەوە کە بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل ٣١ مزگەوت لە کەرتی غەززە بە تەواوی ڕووخاون.
- پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم، لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززەی گەمارۆدراو، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گەردەلوولی ئەقسا" دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند و لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە ناوی جەنگی "شمشێری پۆڵایین" بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی سەربازیی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە ڕاگەیاند، کە لە كەرتی غەززەی گەماڕۆدراوەوە ئاراستەی دەکرێت.
بە هۆی ئەو هێرشانەی لە غەززەوە دەکرێتە سەر ئیسرائیل تا ئێستا هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون کە ٣٠٨یان سەرباز بوون و پێنج هەزار و ١٣٢ کەسیش بریندار بوون.
هاوکات وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە کە بە هۆی پێکدادانەکانەوە چوار هەزار و ٧٠٠ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە هەزار و ٨٧٣ کەسیان منداڵ و هەزار و ٢٣یان ژنن و هەروەها زیاتر لە ١٤ هەزار و ٢٤٥ کەسیش بریندارن و هەروەها بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا ٩٠ فەڵەستینی کوژراون.
بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل هەروەها ١٨ ڕۆژنامەنووس کوژراون.
هەروها بە هۆی پێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەسەر سنووری لوبنان لە ٨ی تشرینی یەکەمەوە، تا ئێستا چوار سڤیل و ٢٦ چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون و بە هۆی ئەو هێرشانەی لە لوبنانەوە ئاراستە دەکرێن، سێ سەربازی ئیسرائیلی و یەک کەسی سڤیل کوژراون.