Mustafa Deveci,Enes Canlı
24 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2023
قودس - AA
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، ٣٩ دیلی فەڵەستینی کە پێکهاتوون لە ٢٤ ژن و ١٥ منداڵی خوار ١٨ ساڵ لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل ئازاد کران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ناوچەکە خستیەڕوو، دوای ماوەیەکی کەم لە گەیشتنی ئەو ١٣ دیلە ئیسرائیلییە بە ئیسرائیل کە حەماس ئازادی کردن، ٣٩ دیلی فەڵەستینی لە گرتووخانەی عوفەر لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو ڕادەستی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور کران بەمەبەستی ئازادکردنیان.
هاوکات سەدان فەڵەستینی لە ناوچەی بەیتونیا لە کەرتی ڕۆژئاوا بە ئاڵای فەڵەستین و حەماسەوە کۆبوونەوە بۆ پێشوازی کردن لە دیلە ئازادکراوە فەڵەستینییەکان.
سەربازانی ئیسرائیل بە غازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی دەنگی ڕووبەڕووی ئەو فەڵەستینییانە بوونەوە کە هاتبوون بۆ پێشوازیی لەو دیلانەی ئازاد کران.
دوای کەمێک لەو ڕووداوانە، ئەو پاسانەی دیلە فەڵەستینییە ئازادکراوەکانیان هەڵگرتبوو، گەیشتنە بەیتونیا.