Sarmand Hameed
09 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2021
هەولێر - AA
پاپای کڵێسای کاسۆلێکی، پاپا فرهنسیس کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ عێراق هێنا، گەڕایەوە رۆما و لە کاتی گەڕانەوەیدا پەیامێکی ئاراستەی سەرکۆمار و گەلی عێراق کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، پاپا فرهنسیس لەکاتی جێھێشتنی ئاسمانی عێراق لە رێگەی کاپتنی فڕۆکەکەیەوە پەیوەندیی کرد بە سەنتەری چاودێری ئاسمانی لە فرۆکەخانەی بەغدا و پەیامێکی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار و گەلی عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیهنراوەکە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی پاپا فرەنسیسە:
"بۆ فەخامەتی سەرۆک بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و بەغدای پایتەخت
لەکاتی جێھێشتنی عێراق و دوای تەواوکردنی سەردانەکەم، دەمەوێت جارێکی دیکە سوپاسی زۆری فەخامەتتان و گەلی عێراقی ئازیز بکەم لە پای ئەو پێشوازییە گەرم و میواندارییە بێ وێنەیەی لێتانکردم لە کاتی مانەوەم لە وڵاتەکەتاندا، ستایش و نزا دەکەین بۆ ئەوەی ئاشتی و یەکڕیزی و خۆشگوزەرانی باڵبکێشێت بەسەر گەلەکەتاندا و خێر و بەرەکەتی پەروەردگاری مەزنیش بڕژێت بەسەرتاندا".
رۆژی هەینی رابردوو، پاپای کڵێسای کاسۆلیکی پاپا فرەنسیس بە سەردانێک گەیشتە عێراق و داوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران، سەردانی شاری نەجەفی کرد و لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەكان، عەلی سیستانی کۆبووەوه و دواتر سەردانی شاری میێژوویی ئوری کرد لە پارێزگای زیقار و دیدارێکی ئایینی ئەنجامدا.
پاشان سەردانی شاری هەولێری کرد و دوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، چووە شاری مووسڵ و پاشان چووە شارۆچکەی قەرەقۆش و لە کڵێسای تاهیرە گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئێوارەی هەمان رۆژ گەڕایەوە هەولێر و لە یاریگای نێودەوڵەتیی فرانسۆ هەریری بە بەشداری بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینی مەسیحی کرد کە بەبەشداریی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی رێورەسمەکە، پاپا فرەنسیس لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕایەوە بەغدا و بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغداوە گەڕایەوە رۆما.