Safvan Allahverdi,Abdullah Shukur
01 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2019
واشنتۆن - AA
راگەیەندرا کە پشتیوانی رای گشتی بۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆتا دوو ساڵی رابردوودا لە بەرزترین ئاست دایە.
کۆمپانیایەکی لێکۆڵینەوە بە ناوی Harvard CAPS/Harris Pol، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠ی ئەمریکا راپۆرتێکی لەبارەی رێژەی پشتیوانی رای گشتی لە ترەمپ بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، لە سەدا ٤٨ی بەشداربووانی راپرسییەکە پشتیوانی لە کارەکانی ترەمپ دەکەن و سەدا ٥٢ی دەنگدەرانیش دژی کارەکانی ترەمپ-ن و ئەمەش لەوەتەی حوزەیرانی ٢٠١٧ بە بەرزترین رێژەی پشتیوانی لە سەرۆکی ئەمریکا ھەژمار دەکرێت.
لەلایەکی دیکەش سەدا ٣٩ی بەشداربووانی ئەو راپرسییەی کۆمپانیاکان ئەنجامی داوە، ھۆکاری پشتیوانیان لە ترەمپ گەڕاندووەتەوە بۆ باشتربوونی باری ئابووری ئەمریکا.
ئەندامی دامەزرێنەری کۆمپانیای Harvard CAPS/Harris Pol، مارک پێن لەمبارەیەوە گوتی: "بۆچوونی خەڵک لەسەر ئابووری، رێژەی پشتیوانی لە ترەمپ ھێواش ھێواش بەرزدەکاتەوە. لەپاڵ ئەمەش پرسی چین و کۆچکردن کاریگەری ئەرێنیان لەسەر رێژەکە ھەیە. ئەمەش ئەگەری دووبارە ھەڵبژاردنەوەی ترەمپ زیاتر دەکات".