Hemın Othman Mohammed
11 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2016
نوێنەرایەتیەكە بەناوی "نوێنەرایەتی خۆرئاوای كوردستان" ناسێندراوە، كە نوێنەرایەتی ناوچەكانی باكووری سووریا دەكات كە سنووریان لەگەڵ توركیادایە و لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پەیەدە-دان وەك "جەزیرە، كۆبانێ و عەفرین".
لە مەراسیمی كردنەوەی نوێنەرایەتیەكەدا هەریەك لە پەرلەمانتاری دیاربەكری هەدەپە فەلەكناس ئوجا، نوێنەری پەیەدە لە رووسیا عەبدلسەلام عەلی و سەمان محەمەد، كە وەك نوێنەری كوردی سووریا لە ئەورووپا و ئەمریكا ناسێدراوە بەشداریان كرد.
نوێنەرایەتیەكە، لە هەمان ئەو بینایەدایە كە رێكخراوی بازرگانانی تێدایە و لە كانوونی یەكەمی رابردوودا لەلایەن هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە كرایەوە.
لە میانی وتارێكیدا كە لە مەراسیمی كردنەوەی نوێنەرایەتییەكە پێشكەشی كرد، پەرلەمانتاری دیاربەكری هەدەپە فەلەكناس ئوجا، ئاماژەی بەوە كرد كە بەشداری نەكردنی كورد لە دانوستانەكانی جنێڤدا زیانی پێ نەگەیاندووە، بەڵكو یارمەتیدەر بووە لە راكێشانی سەرنجی جیهان بۆ كورد.
هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی هەردوو ناوچەی دۆنێتسك و لوگانسكی ئۆكراینا كە لەژێر كۆنترۆڵی لایەنگرانی رووسیادایە بەشداریان كرد.
پەیەدە كە لە جەنگی ناوخۆی سووریادا هەماهەنگی لەگەڵ رژێمەكەی ئەسەد، رووسیا و ئەمریكا دەكات، ئامانجی ئەوەیە بەدرێژایی سنووری سووریا لەگەڵ توركیا پشتێنێك دروست بكات.