Mazın Asad
11 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2016
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە سەردانێکی فەرمی گەیشتە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ماتیۆ رێنزی کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی وەزیرانی چیگی بەڕێوە چوو کە ماوەی سەعاتێکی خایاند. دواتر ھەردوو سەرۆکوەزیران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماتیۆ رێنزی خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ سەردانەکەی عەبادی دەربڕی و رایگەیاند وەک دوو وڵاتی دۆست ھەوڵێکی زۆر بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەرقەرارکردنی تەبایی لە عێراق دەخەنەگەڕ.
رێنزی گوتی: "درێژە بە پشتگیریی عێراق لە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش دەدەین. پێویستە داعش ئەوە بزانێت کە شکست دەھێنێت و عێراق و گشت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە سەرکەوتوو دەبێت. ئەمەش تەنھا بە دەستپێشخەری لەڕووی کولتووری، ئابووری و پەیوەندی دیپلۆماسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە ئاراوە".
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا روونیشی کردەوە کە داعش پاشەکشێی کردووە و بەھۆیەوە خاکێکی زۆری لەدەست داوە و گوتیشی: "عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر، پشتگیری لە بەرقەراربوونی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لەمەڕ پشتگیری ئیتاڵیا بۆ عێراق ستایشی رێنزی کرد و رایگەیاند ئیتاڵیا بە تایبەتی لە مەشق پێکردنی ھێزەکانی عێراق رۆڵێکی گرنگ دەگێرێت.
عەبادی ئاماژەی بەوە دا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، مەشق و راھێنانی بە ھێزەکانی عێراق داوە و گوتیشی: "لە خاکەکانی عێراق بێجگە لە ھێزەکانی عێراق ھیچ ھێزێکی دیکەمان ناوێت. دەمانەوێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بوونی داعش لە عێراق بھێنین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیشی کردەوە کە لە شاری رومادی گورزێکی گەورەیان لە داعش داوە و ھیوای خواست ھەمان سەرکەوتن لە رزگارکردنی شاری مووسڵیش بەدەست بھێنن.
ھاوکات عەبادی تیشکی خستە سەر نۆژەنکردنەوەی بەنداوی مووسڵ لە لایەن کۆمپانیای تریڤی ئیتاڵیا و لەوبارەیەوە رایگەیاند: "پێویستە خێرا کۆمپانیا ئیتاڵییەکە نۆژەنکردنەوە لە بەنداوەکە دەست پێ بکات و دابینکردنی ئاسایشی ئەندازیاز و کرێکاران لەوێ بێتەئاراوە. بۆیە پێویستە کۆمپانیا ئیتاڵییەکە لە ماوەیەکی کەمدا بگاتە عێراق".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەی بەنداوی مووسڵ گرنگییەکی زۆری ھەیە و راشیگەیاند بەنداوەکە سەرچاوی ئاوی گشت عێراقییەکانە.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماتیو رێنزی لەبارەی کاری نۆژەنکردنەوەی بەنداوی مووسڵ ئاماژەی بەوە دا کە کۆمپانیاکە ئەزموونێکی باشی لە گشت جیھان ھەیە و راشیگەیاند بەھۆی ئەوەی ساڵی رابردوو بۆ ماوەیەک کەم بەنداوەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی داعش کاریگەری نەرێنی لەسەر کار و چالاکی نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە دروست کردووە.
جێگەی باسە لە کاتی پێشوازیکردن لە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئیتاڵیا ھەڵەیەک ھاتە ئاراوە. لە کاتی پێشوازیکردن لە عەبادی بە "سەرۆکوەزیرانی ئێران" ناو بردرا کە ماوەیەک نیگەرانی لای رێنزی دروست کرد.
-دیداری عەبادی و پاپا
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا، سەردانی ڤاتیکانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ڤاتیکان و رێبەری روحانی کاتۆلیک، پاپا فڕانسیس کۆبووەوە.
لەبارەی دیدارەکە ڤاتیکان لە راگەیەنراوێکدا روونی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا بێجگە لە پەیوەندی پتەوی عێراق و ڤاتیکان، رەوشی کریستیانەکانی عێراق خراوەتە بەرباس.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەروەھا جەخت لەسەر دیالۆگی نێوان ئایینەکان، بەرپرسارێتی ئاشتی، گرنگی قۆناغی ئاشتی لە نێوان لایەنە جیاوازەکان و رەوشی مرۆیی کراوە.