هەولێر AA
هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ کورسی سەرۆکی ئەو وڵاتە دوای ململانێیەکی توند دواجار لە سوودی دیموکراتەکان یەکلابوویەوە و جۆ بایدن بووە ٤٦ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
بێنەو بەردەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەشی زۆری وڵاتانی جیهان بابەتێکی گەرمی رۆژ بوو، خەڵک و سیاسییەکان و میدیاش بەگشتی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو یەکلابوونەوەی ململانێکە پێوەی سەرقاڵ بوون.
میدیاکانی هەرێمی کوردستان پانتاییەکی فراوانی روماڵە میدیاییەکانیان لەو چەند رۆژە بۆ ئەو پرسە تەرخانکرد، گرنگییەکی گەورەی پێدرا و هەندێک میدیا سات بە سات لەگەڵ رووداوەکاندا هەواڵ و زانیاری نوێیان بڵاودەکردەوە و هەندێک جاریش شرۆڤە و لێکدانەوە بۆ هەڵبژاردنەکان و دەرئەنجامەکەی بەشێک بوون لەو پەیامە میدیاییەی ئاراستەی وەرگرەکانیان دەکرا.
سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش وەک چۆن پێش یەکلابوونەوەی ململانێکە بۆچوون و پێشبینییەکانیان نەشاردبووەوە، کە بایدنیش بووە سەرۆک بەشێکیان پەیامی تایبەتیان بڵاوکردەوە و قسەی خۆیان کرد.
هەڵبژاردنی بایدن و پەیامی سیاسیەکانی کوردستان
سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ راگەیاندنی سەرکەوتنی کاندیدەکەی دیموکراتەکان هەرزوو لەڕێگای تویتەرەوە پیرۆزبایی و پەیامەکانی خۆیان گەیاندە واشنتۆن.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی هەر زوو لەرێگای تویتێکەوە پیرۆزبایی خۆی گەیاندە بایدن و رایگەیاند "هاوڕێم سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جۆ بایدن، لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەت لێدەکەم. لە ناخەوە هیوادەخوازم و نزاش دەکەم کە جیهانی ئازاد لەژێر سەرکردایەتیی ئێوە ئاشتی و خۆشگوزارەنیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".
سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح، بەهەمان شێوە لەڕێی تویتەوە پیرۆزباییەکەی گەیاندە ئەمریکا و رایگەیاند "پیرۆزباییەکی گەرم لە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێدراو دەکەم کە لە بنیاتنانەوەی عێراقێکی باشتردا هاوڕێ و هاوبەشێکی متمانەپێکراوە، بەو هیوایەین کار بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان و بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەین".
نێچیرڤان بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پیرۆزبایی لە بایدن و هاریس کرد و نووسیوویەتی "لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆ بایدن و جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو کامالا هاریس دەکەم بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا. چاومان لەوەیە و هیوادارین بەیەکەوە کاربکەین بۆئەوەی هاوبەشی و پەیوەندییە دوولایەنەکانمان بەهێزتر بکەین".سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان بە تویتێک پیرۆزبایی گەیاندە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن و جێگرەکەی کامالا هاریس. مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت "پیرۆزبایی لە بەڕێزان جۆ بایدن و کامالا هاریس دەکەم، بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، هاوبەشیی و پەیوەندیی نێوان هەردوولامان زۆر گرنگە لە پێناو سەقامگیریی و گەشەپێدانی ناوچەکە".
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا پیرۆزباییدا لە تویتەر نووسیوویەتی "پیرۆزباییەکی گەورە بۆ پیاوێکی باش، سیاسەتمەدارێکی بەئەزموون و هاورێیەکی دێرینی من جۆ بایدن سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، هیواخوازین و چاومان لەوەیە پێکەوە بە هاوبەشی کاربکەین بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییە دوو قۆلیەکان لەگەڵ حکومەت، سوپا و خەڵکی ئەمریکا".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی لە تویتەر پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی بایدن کردووە و نووسیوویەتی: "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە جۆ بایدن و کامالا ھاریسن دەکەین.ھیوادارین لە ژێر سەرکردایەتی ئێوە دووبارە پێکەوە کارکردن لە پێناو چاکەی مرۆڤایەتی و پەیوەندی فرە لایەنە بەھێزتر دەبێتەوە. بە پەرۆشەوە ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەھێزترکردنی پەیوەندی دووقۆڵی دەکات".
هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا لە تویتەرەوە رایگەیاند "پیرۆزبایی له جۆ بایدن سهرۆكی ههڵبژێردراوی ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا دهكهم، هیوادارم بهیهكهوه ههوڵهكانمان بخهینهگهڕ بۆ بهدیهێنانی سهقامگیری و ئاشتی و ئاسایش و ئارامی له رۆژههڵاتی ناوهڕاستدا".
سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود هەر زوو پێشبینی کردبوو لە هەڵبژاردنەکاندا بایدن براوەبێت و گوتیشی حەزدەکات جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، ئەنجامەکەش بەدڵی ئەو دەرچوو بۆیە لە تویتێکدا پیرۆزبایی خۆی گەیاندە واشنتۆن و رایگەیاند " پیرۆزبایی لە بەڕێز جۆ بایدن دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگی بەهێزی نێوان کورد و ئەمریکا".
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین هەڵبژاردنی بایدن بە پێشهاتێکی گرنگ لەقەڵەمدەدات و رایگەیاندووە "سەرکەوتنی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێشهاتێکی بایەخدار و پەیوەندیدارە بە هەموو جیهان ، هەروەک لە بەرانبەردا ئەزموونی شکستی کەسێک یا حزبێک نییە بەتەنیا، بەڵکو شکستی کۆمەڵێک سیاسەت و پرۆژە بوو، هیوادارم ئەمریکییەکان و گەلانی ناوچەی ئێمە بەتایبەتی و جیهان بە گشتی خێر و ئاشتی ببینین".
میدیای کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا
ململانێی هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا لە پانتایی رووماڵی میدیایی دەزگا راگەیاندنەکانی کوردستاندا پانتاییەکی فراوانی داگیرکردبوو، بە ئیشتاشەوە کە ململانێکە کۆتایی هاتووە کار و کاردانەوە و پەیامی سەرکردەکانی جیهان بوون بە بەشێکی گرنگی رووماڵەکانیان.
رەنگدانەوەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا لە میدیای کوردستاندا هیچی کەمتر نەبوو لە رووماڵی هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەبڕوای ئەوانەش کە وەک چاودێر لە دۆخەکە دەڕوانن هۆکاری ئەمە هیوا هەڵچنینی خەڵک و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە بە ئەمریکادا و چارەنووسی هەرێمی کوردستان بە هەر بارێکدا بێت لە چاوی ئەمریکای دەبینن.
رووماڵی میدیاکان دوو جۆر بوون، هەندێکیان تەنیا لەچوارچێوەی هەواڵ و زانیاریدا کاریان لەسەر دەکرد بەڵام هەندێکی دیکەیان جگە لە هەواڵ و زانیاری رۆژانە چەندین بەرنامەی گفتوگۆ ئامێزی شیکاریانەی هەڵبژاردنەکەیان هەبوو لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رۆژانە هەڵسەنگاندن بۆ بەرنامە و پلانی هەڵبژاردنی هەردوو رکابەرەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکرا و لێکدانەوە لەسەر سیاسەتەکانیان پەیوەست بە هەرێمی کوردستان دەکرا بەجۆرێک ئەوەندە گرنگی پێدرابوو هیچ جیاوازییەکی نەبوو لەو روماڵەی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئابووری هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی بایدن
ماوەی چەند مانگێکە نرخی زێر لە بازارەکانی جیهاندا بەرزبووەتەوە و هەندێک جار نرخی پێوانەیی تۆماردەکرد، لە بازاری هەرێمی کوردستانیش دۆخەکە بە هەمان جۆر بوو بۆیە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ئەو زێڕەی ساڵانێکە کڕیویانە و هەیانبوو لە بازاردا فرۆشتیان و کردیانەوە بە پارە.
یەکلابوونەوەی ململانێی بایدن و ترەمپ لە سوودی کاندیدەکەی دیموکراتەکان بە بڕوای سەندیکای زێڕنگەرانی کوردستان کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت و دەلێت نرخەکەی دادەبەزێت و هەرزان دەبێت.
گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی کوردستان، هەندرێن وەرتی لە لێدوانیکیدا رایگەیاند "لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدندا ئۆنسی زێر لە 1950 دۆلاردا دەوەستێت و وردەوردە نرخەکە دادەبەزێت و جێگیری بە خۆیەوە دەبینێت، چاوەڕوان دەکرێت زێڕ دابەزینی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت و هەر ئۆنسێکی لەنێوان 1800 بۆ 1850 دۆلاردا بوەستێت چونکە ترەمپ کەسێکی بازرگان بوو زێڕێکی زۆری هەبوو بۆیە لەڕێگای وەبەرههێنانەکانییەوە کاری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای زێڕ دەکرد".
بە دابەزینی نرخی زێڕ لە جیهاندا راستەوخۆ لە هەرێمی کوردستانیش بەهاکەی دیتە خوارەوە و ئەوانەی لە گرانیدا زێڕیان فرۆشت سوودمەند دەبن و ئەوانەش کە بە گرانی زێڕیان کڕی رەنگە زیانی زۆریان بەربکەوێت.
جۆ بایدن کێیە؟
ناوی تەواوی جۆزیڤ رۆبینێت بایدن ـە، ساڵی ١٩٤٢ لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا لەدایک بووە، بڕوانامەی لە یاسا هەیە لە زانکۆی سیراکۆس، شەش جار بووەتە سیناتۆر و ماوەی ٣٧ ساڵ لە ساڵی ١٩٧٢ تاوەکو ٢٠٠٩ سیناتۆری ئەمریکا دەبێت و نوێنەرایەتی ویلایەتی دیلاوێر دەکات.
ماوەی هەشت ساڵ لە ١٩٨٧ تاوەکو ١٩٩٥ سەرۆکی لیژنەی دادی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٩ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٩ تاوەکو مانگی کانونی دووەمی ٢٠١٧ جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکادا دەبێتە کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەسەر رکابەرەکەیدا دۆناڵد ترەمپ سەردەکەوێت و دەبێتە ٤٦ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
دوای راگەیەندنی ئەنجامەکان و بردنەوەی هەڵبژاردنەکە لە یەکەم وتاریدا جۆ بایدن رایگەیاند "بردنەوەیەكی گەورەمان تۆماركرد، 74 ملیۆن دەنگ بێ پێشینەیە و هیچ كاندیدێكی سەرۆكایەتی پێشتر ئەو دەنگەی بەدەستنەهێناوە، من سەرۆکی یەکگرتنم نەک دابەشکردن، سەرۆکێک کە ویلایەتی شین و ویلایەتی سوور نابینێت، بەڵکو ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینێت".
بایدن راشیگەیاند "کەس پێم نەڵێت لە ئەمریکا شتێک هەیە بە ناوی ناکرێت، لە ئەمریکا هەموو شتێک دەکرێت، من نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژ و لایەن و بۆچوونە جیاوازەکان دەکەم، ئێمە وادەکەین جارێکی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا رێز بۆ ئەمریکا بگەڕێتەوە".
گوتیشی "کاتی ئەوەیە دەرفەتی ئاشتبوونەوە بە یەکدی بدەین، ئێمە هەموومان ئەمریکیین و کەس دوژمنی کەس نییە، دەبێت کار بکەین بەرگریی لە دیموکراسیەت بکەین و کاتی ئەوەیە جیاوازییەکان وەلا بنێین، دەبێت دەست لەوە هەڵبگرین کە وەک دوژمن هەڵسوکەوت لەگەڵ رکابەرەکانماندا بکەین".
بایدن لەسەر کۆرۆنا دوا و رایگەیاند "گرنگترین شت ئەوەیە ژیانی خەڵک بپارێزین و ئەم پەتایە کۆنترۆڵ بکەین، من هیچ درێخی ناکەم و هەموو هەوڵی خۆم دەخەمە گەڕ تاوەکو ئەم پەتایە کۆنترۆڵ بکەم، لەدەستدانی کوڕەکەم وای لێکردم هەست بە خەمی ئەو کەسانە بکەم کە بەهۆی کۆرۆناوە کەسوکاریان لەدەستدا".
news_share_descriptionsubscription_contact



